کوردپرێس:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی کوردستان له ڕاگه‌یێندراوێکدا ڕایگه‌یاند که شه‌ش که‌سی دیکه له پارێزگای سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
له ڕاگه‌یێندراوه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم هاتووه: له به‌رده‌وامیی پشکنینه‌کان و گه‌ڕان به‌دوای گومان‌لێکراوان، شه‌ش تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤیدی-19) له شاری سلێمانی ده‌ستنیشان کران که له دوو خێزانن و به‌رکه‌وتووانی توشبووی دوێنێن که تووشبووه‌کان سێ ئافره‌ت، دوو منداڵ و یه‌ک پیاون و دانیشتووی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخانن.
به تۆمارکردنی ئه‌و شه‌شه که‌سه کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا له هه‌رێمی کوردستان گه‌یشتنه 97 تووشبوو و دوو که‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه.
هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستیی سلێمانی رایگه‌یاند که پێنج تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونه‌ته‌وه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه ماڵه‌کانیان، به‌وه‌ش کۆی ئه‌و که‌سانه‌ی له پارێزگای سلێمانی په‌تاکه‌یان په‌ڕاندووه گه‌یشتووه‌ته 27 که‌س.
له‌لایێکی دیکه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ته‌ندروستیی که‌رکووک گوتی: ئه‌نجامى پشكنینى ژنێكى ته‌مه‌ن 70 ساڵ به كۆرۆنا گه‌رایه‌وه و ده‌ركه‌وتووه هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه‌یه و به‌داخه‌وه بارى ته‌ندروستیی جێگیر نییه چونكه قاچى شكاوه و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كى دیكه‌شى له‌گه‌ڵدایه.
پێشتریش تووشبوونی 7 که‌سی دیکه به کۆرۆنا له که‌رکووک تۆمار کرابوو.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment