لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ 77 کەس بەدەستی داعش بوونەتە قوربانی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، داعش رۆژ بە رۆژ لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تەشەنە دەکات و تەنیا لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ 77 کەس بەهۆی کردە تیرۆریستییەکانی داعش بوونەتە قوربانی.

کوردپرێس: جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی زیاتربوونی جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "رۆژ بە رۆژ داعش لەو ناوچانە تەشەنە دەکات، بنکە و بارەگا دەدانێت و بە ئارەزووی خۆی دەخولێتەوە، زیان بە هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە دەگەیێنێت".

لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق جەبار یاوەر گوتی: "لە ساڵی 2019 لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوانماندا هەبووە بۆ ئەوەی بە یەوەکەوە ناوچەکان بپارێزین و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین، ناوەندی هەماهەنگی و بازگەی هاوبەش هەبێت، بەڵام بە داخەوە ئێمە وەکوو هێزی پێشمەرگە ئامادەیی خۆمان پیشانداوە هەر کات و ساتێک هێزەکانی سوپای عێراق ئامادەبن، ئێمە ئامادەیەن ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکەین".

بە بڕوای جەبار یاوەر، عێراق جیددی نییە لە پاراستنی ئەو ناوچانە و دەڵێت: "هیچ جیدییەتێک نابینین لەلایەن سوپای عێراق یان لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ ئەوەی بێن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بە یەکەوە ئەو ناوچانە بپارێزین، کێشەکە ئەوەیە ئەوان بە تەنیا ناتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن رازیش نین بەوەی هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە بپارێزێت".

بە گوتەی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی ئامارەکانی ئەوان "لە ساڵی 2018، داعش 456 کردەی تیرۆریستی تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە کە بووەتە هۆی کوشتن و بریندارکردن و رفاندنی 1742 کەس لە هێزەکانی پاراستنی ئەو ناوچەیە و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە، لە ساڵی 2019ـەش داعش 270 کردەی تیرۆریستی ئەنجامداوە، بەهۆیەوە 1260 کەس بوونەتە قوربانی، تەنها لە دوو مانگی ساڵی 2020، واتە لە مانگەکانی یەک و دوو، 77 کەس بەهۆی کردە تیرۆریستییەکانی داعش بوونەتە قوربانی".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157890

Your Comment

You are replying to: .
captcha