«مستەفا بالی» بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەوەی کە تورکیا کەڵک لە هەموو هەڵمەتێک وەردەگرێت بۆ داگیرکاریی زیاتر و دابەش کردنی سووریا شتێکی نوێ نییە بۆیە ئێستاش 6هەزار چەکداری تیرۆریستی لە ناوچە جیاوازەکانەوە هێناوەتە باکووری سووریا.
ناوبراو درێژەی دا: دوو شت نابێت لەبیر بکرێت ئەوەش دوو گرێبەستی ئاگربڕە یەکیان لەنێوان ئەمریکا و تورکیا ئەوی دیکەش لەنێوان ڕووسیا و تورکیا لەبارەی ئاگربەست لە باکووری سووریا کە تورکیا پێبەندی هیچ لەو گرێبەستانە نەبووە.
مستەفا بالی زیادی کرد: ئەو پێشێلکارییەی تورکیاش لە کاتێکدایە کە ئێمە بەندەکانی هەردوو ڕێککەوتنەکەمان جێبەجێ کرد و هەم هێزەکانمان لەسەر سنووری تورکیا کشانەوە و هەم بۆ پاراستنی خەڵک دوو شاری سەرێ کانی و گرێ سپی-مان چۆڵ کرد.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەبیری هێنایەوە: ئێستا هێزەکانی ئێمە لە خاڵەکانی سەر سنووردا نین و هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی سنوورەکان دەپارێزن، هەر هێرشێکی نوێی تورکیا بۆسەر ناوچەی کوردستانی سووریا هێرش بۆسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات نییە بەڵکوو هێرشێکە بۆسەر کورد بەئامانجی پاکتاو کردن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment