ده‌میرتاش: کورد تا ئێستا له‌ ناو خۆیدا خه‌ریکی کێشه بچووکه‌کانه‌‌

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆکی پێشوو و کاندیدی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) بۆ سه‌رۆکایه‌تیی تورکیا سه‌باره‌ت به‌ یه‌کنه‌گرتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی تورکیا رایده‌گه‌یه‌نێت: یه‌ک نه‌گرتنه‌که‌ هیـچ په‌یوه‌ندیی به‌ چه‌پڕه‌وه‌ تورکه‌کان نه‌بوو به‌ڵکوو "کورد تا ئێستا له‌ ناو خۆی خه‌ریکی کێشه‌ بچووکه‌کانه‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشوو و کاندیدی هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی تورکیا به‌ کوردستان تیڤی ڕاگه‌یاندوووه‌: ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا و سه‌رۆکی گشتیی پارتی داد و گه‌شه‌ (ئاکه‌په‌)ی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و وڵاته‌ ڕێککه‌وتنی له‌گه‌ڵ پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورکیا (جه‌هه‌په‌) هه‌یه‌ و "وه‌ک یه‌ک بوونه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌په‌رست" و چاوه‌ڕێی لێدوانی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی له‌ سه‌رۆک کۆماری تورکیا ده‌کات.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش که‌ له‌ زیندانه‌وه‌ قسه‌ی بۆ ئه‌و که‌ناڵه‌ کردوووه‌ پێی وایه‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێ بڵێ که‌ هیچ گه‌لێک به‌ ناوی کورد نییه‌ به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناتوانێ وه‌ها قسه‌یێک بکا بۆیه‌ ده‌ڵێ "کێشه‌یێک به‌ ناوی کێشه‌ی کورد نییه‌."

کاندیدی هه‌ده‌په‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆک کۆماری تورکیا به‌ ئاسایی ده‌بینێت و رایده‌گه‌یه‌نێت "له‌ سیاسه‌تمه‌دارێکی نه‌ته‌وه‌په‌رست هه‌ر ئه‌وه‌ چاوه‌ڕێ ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ چاوه‌ڕێ نه‌که‌ین ئێمه‌ گه‌مژه‌ین."

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش لێدوانه‌کانی ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانی دژی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی کوردستان به‌ نموونه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌و سه‌رکرده‌ی تورکیا له‌ دژی گه‌لی کورد هێناوه‌ته‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاندوووه‌ "باوه‌ڕ ناکه‌م کورد هیچ کاتێ ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی له ‌یاد بکات."

ده‌میرتاش ئاماژه‌ی به‌ لێدوانه‌کانی ئه‌ردۆغان سه‌باره‌ت به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر قه‌ندیل و سه‌رکردایه‌تیی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) کردوووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردوووه‌ ئه‌و لێدوانانه‌ پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنن.

ده‌میرتاش به ‌پێویستی ده‌زانێ که‌ ئه‌گه‌رچی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان ڕێک نه‌که‌وتن به‌ڵام باشتره‌ نه‌چن به‌ یه‌ک ده‌نگ پشتگیریی ئه‌ردۆغان بکه‌ن که‌ کاندیدی ئاکه‌په‌یه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تیی تورکیا چوونکه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌ت نییه‌ به‌ڵکوو "چوونه‌ به‌ره‌ی دوژمن و نه‌یاره‌."

ده‌میرتاش که‌ له‌ ساڵی 1973 له‌ شارۆچکه‌ پاڵۆی له‌ شاری خارپێت له‌ پارێزگای ئه‌لعه‌زیز له‌ تورکیا له‌ دایک و باوکێکی کوردی زازا له‌ دایک بوووه‌ یه‌کێکه‌ له‌و شه‌ش کاندیدایانه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا که‌ بڕیاره‌ 24ی حوزه‌یرانی 2018 ئه‌نجام بدرێت.

هاوسه‌رۆکی پێشووی هه‌ده‌په‌ له‌ 4/11/2016ه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی هاوکاری کردنی تیرۆر و کار کردن دژی ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌ستگیر کراوه‌ و تا ئێستا له‌ گرتووخانه‌دایه‌.

ناوی کاندیده‌کانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا:

- سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، کاندیدی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)

- ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، کاندیدی پارتی داد و گه‌شه (ئاکه‌په‌)

- موحه‌ڕڕه‌م ئینجه‌، کاندیدی پارتی کۆماریخوازی گه‌ل (جه‌هه‌په‌)

- خاتوو مه‌ڕال ئاکشنه‌ر، کاندیدی (پارتی باش)

- ته‌مه‌ل که‌ڕه‌مه‌ڵڵائۆغڵو، کاندیدی (پارتی سه‌عاده‌ت)

- دۆغو په‌رینچه‌ک، کاندیدی (پارتی نیشتیمان)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15778

Your Comment

You are replying to: .
captcha