تەقەی هێزەکانی سەرسنووری یۆنان لە پەنابەران کوژراوێک و پێنج برینداری لێکەوتەوە

بەشی تورکیا- پۆلیسی سنوورى یۆنان دەستڕێژى گوللەى لە کۆچبەرانى سنوورى وڵاتەکە کردووە و بەوهۆیەشەوە کۆچبەرێک کوژرا و پێنج کۆچبەرى دیکەش بریندار بوون.

کوردپرێس: پارێزگای ئیدرنەى تورکیا لە راگەیەندراوێکدا کە میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، ئاشکرای کردووە، شاندێکى پەرلەمانى وڵاتەکەى دەروازەی سنووری پازارکالەیان بەسەرکردووەتەوە و لەو کاتەدا هێزەکانی پۆلیسی سنووری یۆنان بە گازی فرمێسکڕێژ، گوللـەی پلاستیکی و گوللـەی راستەقینە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی دەیانویست لە دەروازەی پازارکالەی تورکیاوە بچنە دەروازەی کاستانیەسی یۆنان، بەو هۆیەشەوە شەش کۆچبەر برینداربوون و یەکێک لە بریندارەکانیش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە "ئەو گازی فرمێسکڕێژەی پۆلیسی سنووری یۆنان بۆ رێگری کردن لە کۆچبەران بەکاری هێناوە لە ساڵی ١٩٧٨ەوە بەرواری بەکارهێنانی بەسەرچووە، بەم شێوەیەش ژیانی کۆچبەرانیان خستووەتە مەترسییەوە و گەیشتووەتە ئاستێک کە بەکارهێنانی دەستڕێژی گوللـە کۆچبەران دەکاتە ئامانج."

ئەوەش لەکاتێکدایە، دواى بڕیارەکەى تورکیا بۆ کردنەوەى دەرگاى ئەورووپا بەرووى کۆچبەراندا، هەزاران کۆچبەر لە سنوورەکانى تورکیا بەرەو ئەورووپا پەڕینەوە و لە کاتی هەوڵی چوونە ناوەوە بۆ خاکی یۆنان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانی سەرسنووری ئەو وڵاتە بوونەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157775

Your Comment

You are replying to: .
captcha