کوردپرێس:
شەوی یەکشەممە ۱ی ئاداری ۲۰۲۰ وەزارتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و لە ڕاگەیێندراوەکەیدا تووشبوونی ٤ کەسی بە کۆرۆناڤایرۆس لە پارێزگای سلێمانی پشتڕاست کردەوە.
دهقی بهیاننامهكهی وهزارهتی تهندروستیی هەرێمی کوردستان بە شێوەی خوارەوەیە:
لە بەردەوامیی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کۆردستان بەهۆی هەبوونی ژمارەیێکی زۆری تووشبووان لە جیهان و وڵاتانی دەوروبەردا و گەڕانەوەی ژمارەیێکی زۆری هاووڵاتییانی گەشتیار لەو وڵاتانەدا، تیمەکانی تەندروستی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە ڕێکاری پێویست بۆ خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێکراوان و ئامادەکارییەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم پەتایە لە هەرێمی کوردستان.
بە هاووڵاتییانی خۆشەویست ڕایدەگەیەنین کە ئەمرۆ یەكشەممە ١ی ئازاری ٢٠٢٠، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا پشکنین بۆ (٢٤) گومانلێکراو ئەنجام درا کە لە نێویاندا (٤) هاووڵاتی لە شاری سلێمانی دەرەنجامی پشکنینەکانیان دەرچوو کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 بوون کە پێكهاتبوون لە خێزانیكی ٣ کەسی و ئافرەتێک کە سەرجەمیان پێشتر سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردبوو و دوای گەڕانەوەیان لە پڕۆسەی کەرەنتین و چاودێری کردنی تەندروستی پشکنینیان بۆ کرا وە لە کاتی ئێستادا لە نەخۆشخانەی جیاکراوەی تایبەت بەم نەخۆشیە دانراون و باری تەندروستییان جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە کە پێویستە هەموو لایێک پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوەخۆ و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و پاڵپشتی تیمەکانی تەندروستی بن بۆ دۆزینەوەی هەر گۆمانلێکراوێک و گەشتیارێک کە دوورن لە چاوی تیمەکانی تەندروستی.
هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کاری پێویست بۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێکراوان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەرییەکان.
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
١ ی ئازاری ٢٠٢٠
کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳
Your Comment