کۆرۆنا لە وڵاتانی دراوسێوە گەیشتە ئێران کەچی سنوورەکانمان لێ دادەخەن

بەشی ئێران/ کوردی- ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا وتوویەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی دراوسێوە گەیشتۆتە ئێران ئەوەش لە کاتێکدا ئەو وڵاتانە توانا و جیهازی پێویستیان بۆ ئاشکراکردنی ئەو پایرۆسە نیە.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەمە 7ی ڕەشەمەی 1398 حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە نوێنەری کوردی پەرلەمانی ئێران و ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی ئیسنای ئێرانی وتووە وڵاتانی دراوسێ سنوورەکانیان بە ڕووی ئێراندا قەپات کردووە ئەوەش لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتانەی دراوسێوە گەیشتۆتە ئێران.

فەلاحەت پیشە ئەوەشی زیاد کردووە ئەو وڵاتانەی درواسێی ئێران توانا و جیهازی پێویستیان بۆ ئاشکراکردنی کۆرۆناڤایرۆس نیە و تەنانەت هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانەش ئاگاداری و زانیاریی پێویستیان لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە نیە.

ناوبراو ئاماژەی بە ئاماری هەڵگران و تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و گوتیشی خەڵکانێک بە نیاز بوون وای بنوێنن کە پاش چین، وڵاتی ئێران دووهەم وڵاتە لە باری ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا بەڵام ئەوە ئەساسی نیە.

ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران بە پێویستیشی زانی کە هاووڵاتییانی ئێران پێش ئەوەی بەرەو وڵاتانی دەرەوە گەشت بکەن تاقی کردنەوەی پزیشکی بۆ کۆرۆنا ڤایرۆس بکەن لەبەر ئەوەی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نەبن لە کاتێکدا بەرەو وڵاتانی دەرەوە گەشت دەکەن.

شایانی باسە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند شار و پارێزگایێکی ئێران وڵاتانی درواسێی ئێران سنوورەکانیان داخست. لەوان عێراق و هەرێمی کوردستان و تورکیا و پاکستان و ئەفغانستان و ... .

News Code 157659

Your Comment

You are replying to: .
captcha