کوردپرێس:
مەهدی نامدار جێگری پەروردەی پارێزگای کوردستان لە سەمپۆزیۆمی زمانی دایکیدا باسی ئەوەی کرد کە ئیرادە و ئینتیما لە بەشی حکوومییەوە و بەتایبەت لە بەشی پەروەردە هەیە بۆ گەشەکردنی زمانی دایکی.
نامدار گوتیشی ئەگەرچی ئیرادە لە لایەنی دەسەڵاتەوە هەیە بەڵام شێوەی پێداگری کردن لە سەر مافی زمانی دەبێت شێوەیێکی گونجاو بێت. چوونکە هەندێک جار بۆ خراپ کردنی شتێک پێویست ناکات هێرشێکی باشی بکرێتە سەر بەڵکوو ئەوەندەی پێداگری و بەرگرییێکی خراپی لێبکرێت بابەتەکە لە ناو دەبات.
جێگری پەروەردە لە پارێزگای کوردستان زیادی کرد خوێندن بە زمانی دایکی خواستێکی گشتیی کۆمەڵگایە و مەعقوول نیە حاشای لێبکرێت. ئێستای ئیرادەی فەرهەنگی بە تەواوی بۆ ئەو بابەتە جووڵاوە. ئەوەی ڕەنگە تۆزێک ئاستەنگ دروست بکات ئیرادەی سیاسییە کە پێویستە کاری لە سەر بکرێت و ئەمەش پێویستی بە کاتە و ئەگەر چالاکییەکان بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن لە ئەنجامدا لایەنی دەسەڵاتیش ڕازی دەبێت و زەمینە بۆ گەشەکردنی زیاتری زمانی دایکی فەراهەم دەبێت.
نامدار ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو کێشەکە بۆ لایەنی دەسەڵات ناگەڕێتەوە. بەڵکوو سازدانی بەستێن پێویستی بە کاری زیاترە و دەبێت پێش هەموو شت مامۆستایانی قوتابخانە لە زانستی زمانیدا دەوڵەمەند بکرێن. چوونکە کەم نین ئەو مامۆستایانەی قوتابخانە کە خۆیان نووسین بە زمانی کوردی نازانن.
لە وەڵامی وتەکانی جێگری پەروەردەی پارێزگای کوردستاندا پێویستە ئاماژە بەو بابەتە بکرێت کە ئامادەکردنی ئەو بەستێنە و پەروەردەکردنی مامۆستایان لە بواری زمانی کوردی خۆی پێویستی بە ئیرادەیێکی حکوومی هەیە. دیارە زانکۆی کوردستان لە ساڵی 1394ەوە خوێندکاری زمان و ئەدەبی کوردی وەردەگرێت و یەکەم وەجبەی ئەو خوێندکارانەش ئەمساڵ لە زانکۆ دەرچوون و ئێستا هەڵگری بڕوانامەی کارناسیی ئەو بوارەن. پێویستە زەمینەیێک فەراهەم بکرێت کە ئەو دەرچووانەی زانکۆ وەک مامۆستای وانەی کوردی لە قوتابخانەکان بەکار بهێندرێن.
بەگوێرەی مادەی پانزدەی دەستوور خوێندن به زمانی ئتنیک و قەومەکان ئازاده. لەم نێوانەدا نەبوونی دەقێکی پێوەر بۆته کێشەی بەردەم خوێندن به زمانی دایکی.
ئەحمەد شەبانی کارناسی باڵای فەلسەفەی پەروەرده و مامۆستای میوان له زانکۆکانی ئازاد و پەیام نوور لە وتارێکدا لە هەمان سەمپۆزیۆمی زمانی دایکی گوتی: له ئێران تا ڕادەیێکی کەم دانپێدانان لەسەر مافی زمانی ئتنیکەکان هەیه بەڵام دڵخۆشکەر نیە و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زیاترە. هەروەهاش خەسارێکی دیکەی چەمکی زمانی دایکی نەبوونی ئاماری فەرمی لەسەر ژمارە و حەشیمەتی ئتنیکی و زمانی له ئێرانە.
له سەردەمی ڕەزاشا بڕیار درا فارسی ببێته زمانی فەرمی و شانشینی ئێران ڕێگر بوو له گەشەکردنی زمانی دایکیی ئتنیکەکان. ئەحمەد شەبانی دەڵێت جیاوازی هەیه له نێوان خوێندن بە زمانی دایکی و خوێندنی زمانی دایکی.
بەپێی مادەی نۆزدەی دەستوور (قانوون ئەساسی) هەموو ئیتنیکەکان یەکسانن و هیچیان فەزڵی بە سەر ئەوی دیکەدا نیه. بەڵگەیێکی یاسایی کە لە ئێران بۆ مەسەلەی زمانی ئتنیکەکان و زمانی دایکی لەبەردەستدایە بەڵگەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە کەرتی پەروەردەدایە. ئەو شتەی کە بە "سند تحول بنیادین ٱموزش و پرورش" ناسراوە. ئەو بەڵگەیە جەخت لەسەر دادپەروەریی بارهێنان و پەروەرده و هەروەها گرینگیدان و دەوڵەمەندکردنی پەروەرده لە ناوچه بێبەشەکان دەکاتەوە.
بە وتەی ئەحمەد شەبانی دەرسی ئازاد له قوتابخانەکان سەردەمی دەسەڵاتی خاتەمی بۆ دڵخۆشکردنی ڕیفۆرمخوازان بوو و خزمەت به زمان نەبووە و ئەوەی کە قوتابی بە زمانی فارسی له بارەی زمان و ئەدەبی کوردییەوە بخوێنێت هیچ خزمەتێک نەکراوه.
هەر لە پەنێلی دووهەمی سەمپۆزیۆمەکەدا دوکتور فەریبا نامداری ئەندامی لیژنەی زمان لە ئیدارەی پارێزگاری و مامۆستای پەروەرده وتارێکی له سەر فێرگە و زمانی دایکی پێشکەش کرد.
دوکتور نامداری لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند بەپێی ئاماری نافەرمی چل و دوو بۆ چل و نۆ لە سەدی منداڵانی ئێران دوو زمانەن و بەڵگە یاسایییەکان دەڵێن خوێندن بە زمانی دایکی ئازاده. بەڵام نەک هەر زمانی دایکی بەڵکوو زمانه فەرمییەکەش بەهۆی داڕشتەی هەڵە و گۆڕانێک کە له دەقی خوێندن کراوه کەوتۆته مەترسییەوه. بۆ نموونه ئیملا لە قوتابخانەکان هەڵگیراوه. یان توانای خوێندنەوە یان "مهارت خواندن" له پەروەردەدا دانەنراوه.
بە وتەی دوکتور نامداری خەسارێکی تر لە بواری زمانی دایکی ئەوەیه که پڕۆژەی خوێندن له دەرەوه وەرگیراوه و خۆجێیی نەکراوه. هەروەها بچووک کردنەوە و ژێردەست خستنی زمانی دایکی له چاو زمای فەرمی بۆتە خەسارێکی دیکە و هەڕەشە لە زمانی دایکیی ئتنیکەکان دەکات.
هەندێک خاڵی پۆزەتیڤ و ئەرێنیی ئێستای زمانی دایکی ئەوەیە کە بە وتەی نامداری له قوتابخانەکان کاتی ئازاد بە کوردی دەخوێنرێت و ئەگەر مامۆستاکە کوردی نەزانێت له کەسانی پسپۆڕ کەڵک وەردەگیرێت بۆ نموونە لە چەند قوتابخانەیێکی شاری سنە مامۆستایانی پسپۆڕی زانکۆ بۆ وتنەوەی وانەی کوردی هاوکاریی ئیدارەی پەروەردە دەکەن.
دوکتور نامداری باسی ئەوەشی کرد کە هەڵمەتەکان بۆ دەوڵەمەندکردنی خوێندن بە زمانی دایکی بەردەوامە و کتێبێکی دوکتور بەختیار سەجادی چووه بۆ چاپ و ئێستا له فرهنگستانه و له پۆلی 6 تا ۱۲ له خۆ دەگرێت. له ئاستی نەتەوەییشدا پێشنیاز کراوه بە وەزیری پەروەرده ڕۆژێک به ناوی ڕۆژی زمان و ئەدەبی ئتنیکەکان دیاری بکرێت بەڵام تا ئێستا وەڵام وەرنەگیراوه.
شایانی باسە ڕۆژی پێنجشەمە 1ی ڕەشەمەی 1398 بەرانبەر بە 20ی شوباتی 2020 بە بەشداریی کۆمەڵێک نووسەر و توێژەر و زمانناس، سەمپوزیۆمێکی تایبەت بە زمانی دایکی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.
Your Comment