کوردپرێس:
ڕۆژی یەکشەمە 27ی ڕێبەندانی 1398 بەرانبەر 16ی شوباتی 2020 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە پرێس کونفڕانسێکدا چەندین تەوەی گرینگ و ڕۆژەڤی وەڵام دایەوە.
ڕۆحانی لە پرێس کونفڕانسەکەدا لەباەی ئایندەی گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا و دۆخی چەقبەستووی ڕێککەوتنی ئەتۆمی گوتی: هەموو هەوڵی ئەمریکا ئەوەیە بە سزا ئابوورییەکان گوشار بخاتە سەر ئێران و کەم هێزی بکات ئەوسا ئێران ناچار بکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ بەڵام ئەم ستراتێژییە بێ ئەنجامە و ئێران لە ژێر گوشاردا دانووستان ناکات.
ساڵی 97 و 98 ئابووری ئێران بێمنەت بووە لە فرۆشتنی نەوت و بینیمان کە ئێران بە بێ فرۆشتنی نەوتیش ئیدارە دەکرێت. ئەگەرچی ڕەنگە هەندێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی یازدە و دوزادە نەهاتبێتە دی و کێشەی دارایی و ئابووری دروست بووبێت بەڵام بەگشتی دەوڵەت توانیویەتی لە وزە و پیشە و خزمەتگوزاری و تەندروستی و باقی کەرتەکانیشدا لە ئاستێکی باشدا بمێنێتەوە.
ڕۆحانی لە پەیامی خۆیدا سوپای گەلی ئێرانی کرد کە سەرباری گوشارە ئابوورییەکان خۆڕاگر بوون و داواشی کرد لە ساڵی 99دا بە هەمان شێوە یارمەتیی دەوڵەت و کاربەدەستان بدەن.
سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی ئێران بۆ پڕۆژەی "ئاشتیی هورموز" ڕایگەیاند: سەردار سولەیمانی ئەو کەسە بوو کە لە پێناو ئاسایشی و ئاشتیی خۆرهەڵاتی ناوەڕسات و بەتایبەتی کەنداوی فارس گیانی بەخت کرد و ئێران بەردەوام کاری بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە کردووە و ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئاشتیی ناوچەکە بە بێ ئێران ناکرێت.
ڕۆحانی لەبارەی ڕێێکەوتنی ئەتۆمی و سەرکەوتنی دوبارەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەمریکایشەوە لێدوانی دا و گوتی: لای ئێران گرینگ نیە لە ئەمریکا کێ دەسەڵات دەگێڕێت. ئێمە بەردەوام وتوومانە ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکانی سڕ بکات و بگەڕێتەوە بەرجام لە چوارچێوەی 5 کۆ یەکدا دەتوانێت دانووستان لەگەڵ ئێمە بکات و جگە لەمەش هیچ ڕگایێکی تر بوونی نیە.
ناوبراو لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران کە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە دەچێت ڕایگەیاند بەشداریی زۆرینەی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکان چاوی دوژمنان کوێر دەکات و بەشداری نەکردن بەقازانجی ئێران نابێت. ڕۆحانی گوتیشی بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆی 70 بازنەی هەڵبژاردن ڕکابەریی تێدا نیە و تاکلایەنە کاندیدەکان پاڵێوراون بەڵام ئەمڕۆ ڕاپۆرتەکەم بینی ئەو 70 بازنەیە بۆتە 44 بازنە. واتە لە 44 بازنەی هەڵبژاردن تەنها کاندیدەکانی یەک لایەن پاڵێوراون و ئەمەش کەشی ڕکابەری کەم دەکاتەوە.
ڕۆحانی ڕەتیشی کردەوە کە پشتگیریی هیچ هاوپەیمانی و قەبارەیێکی کردبێت بۆ هەڵبژاردنەکان و گوتیشی دەوڵەت هیچ دەستێکی لە هەڵبژاردنەکان نیە.
سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دەنگۆی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیشیەوە گوتی ئەو قسانە دیار نیە لە کام لایەنەوە دێت. بەڵام ئێمە لە سەرەتای دەوڵەتەوە بەڵێنی زۆرمان داوە بە هاووڵاتییان و سوورین لە سەر کارکردن بۆ ئەو بەڵێنانە.
ڕۆحانی گوتیشی لە سەرەتای دەوڵەتەوە کە من بووم بە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بە زەینمدا هات و بابەتەکەم بە ڕێبەری باڵای ئێران گەیاند بەڵام ئایەتوڵڵا خامنەیی بە جدەوە وتیان کە شتی وا نابێت. دیسان ساڵی 1397 بۆ جاری دووهەم پێشنیازی دەستلەکارکێشانەوەم بە ڕێبەری باڵای ئێران پێشکەش کرد بەڵام بەڕێزیان دیسان ئیزنیان نەدا و وتیان من ڕازی نیم تەنانەت یەک سەعات زووتر لەوەی ماوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەکەت کۆتایی بێت دەست لە کار بکێشیتەوە. ئێستاش ئامادەم هەر کەس پێی وایە باشتر لە من دەتوانێت ئیدارەی کاروباری ئێران بدات با بفەرمێت و کورسیی سەرۆککۆماریی پێشکەش بکەم.
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە مەسەلەی گفتوگۆ لەگەڵ سعوودیە کرد و گوتیشی ئەگەر سعوودیە دەست لە هێرشی سەر یەمەن هەڵبگرێت کەشەکە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سعوودیە دەڕەخسێت و ئێران لاریی لەوە نیە کە گفتوگۆ لەگەڵ دراوسێکانی بکات.
ڕۆحانی لەبارەی تێکشکانی فڕۆکە ئوکراینییەکە کە بە مووشەکی سوپای پاسداران تێکشکێندرا و 179 سەرنشینەکەی گیانیان لەدەست دا گوتی: ئێستاش من نازانم ئەو هەڵە تاکەکەسییە چۆن ڕووی دا بەڵام بەگشتی سوپای پاسداران ئەم هەڵەیەی بە ئەستۆ گرت و بڕیاری بە گەل و هاووڵاتییان دا.
برایان هوک بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە کۆشکی سپی وتوویەتی هەڵبژاردنەکانی ئێران کارێکی نمایشییە. ڕۆحانی لە وەڵامی ئەو لێدوانەدا وتی: لە ماوەی 41 ساڵی ڕابردوودا کە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سەرکەوتووە هەموو هەڵبژاردنەکانی سەرۆۆکماری و پەرلەمان و ئەنجومەنەکان بە ئازادیی تەواو کراوە و هاووڵاتییان لە ئاسایشی تەواو و لە کەشێکی ئازاددا دەنگیان داوە و بەشداری کردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینی باشترین وەڵام دەبێت بۆ ئەو وتانەی کە ئەساسیان نیە.
ڕۆحانی ئاماژەی بە مەسەلەی سووریا و دانووستانی سۆچی کرد و گوتی دانووستانەکانی سۆچی بەردەوام دەبن و بەڕای ئێران نابێت واز لەو پڕۆسەیە بهێنێت و ئێران چاوەڕوانی ئەوەش دەکات کە ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پێبەند بێت بەو ڕێێکەوتنانەی لە سۆچی کراوە.
Your Comment