وەزارەتی بازرگانیی ئێران: مانگانە 700 هەزار تمەن دەدرێت بە هاووڵاتییانی مەرزنشین

بەشی ئێران- بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوردە و ناردنکاری لە وەزارەتی بازرگانیی ئێران لە هەواڵێکدا ئیدعای ئەوەی کرد کە بە زووترین کات داهاتی داشکانی ڕسووماتی گومرگی دەردێت بە هاووڵاتییانی مەرزنشین و مانگانە هەر هاووڵاتیێک 700 هەزار تمەن وەردەگرێت ئەوەش لە کاتێکدا چەندین جار ئەو ئیدعایە کراوە بەڵام نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

کوردپرێس:

سەعید عەباسپوور بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوردە و ناردنکاری لە وەزارەتی بازرگانیی ئێران لە لێدوانێکدا وتوویەتی دەوڵەت یاسایێکی پەسەند کردووە کە بە گوێرەی یاساکە لە ڕێگای داشکانی ڕسووماتی گومرگییەوە مانگانە 700 هەزار تمەن بە هەموو هاووڵاتییێک دەدرێت کە تا دووریی 20 کیلۆمەتر لە سنوورەکان نیشتەجێیە.

عەباسپوور گوتیشی ئەو یاسا بە زووترین کات دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد یاساکە بەم شێوەیە پەسەند کراوە کە تا 4 سەر خێزان دەگرێتەوە و هەر هاووڵاتییێک 700 هەزار تمەن وەردەگرێت بەڵام ئەگەر خێزانەکان 4 کەسی یان زیاتر بن لە دوو ملوێن و 400 هەزار تمەن زیاتریان پێنادرێت.

بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوردە و ناردنکاری لە وەزارەتی بازرگانیی ئێران ڕوونیشی کردەوە کە جگە لەو بڕە پارەیە کە مانگانە بە هاووڵاتییانی سنوورنشین دەدرێت، هاوردەکردنی 100 جۆر کاڵای بیانی بۆ هاووڵاتییانی سنوورنشین ئازاد کراوە کە دەتوانن بە دەفتەرچەی پیلەوەرییەکانیان هاوردەی کاڵا بکەن.

ناوبراو گوتیشی یاساکە هەموو ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە تا دووریی 20 کیلۆمەتریی سنوورەکانی چوار پارێزگا نیشتەجێن. چوار پارێزگاکەش بریتین لە کوردستان و کرماشان و ئازەربایجانی خۆرئاوا و سیستان و بەلووچستان.

شایانی باسە مەسەلەی کرانەوەی سنوورەکان و یەکلاکردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانە بە زۆر شێوەی جۆربەجۆر باس کراوە و زۆر بەڵێنی لەسەر دراوە و تەنانەت هەندێک بەرپرسی پارێزگای کوردستانیش ئیدعای ئەوەیان کردووە کە خراوەتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە بەڵام بەدواداچوونەکان باس لەوە دەکەن کە جگە لە یەک دوو جار بڕە پارەی 200 هەزار تمەنی هیچ بڕە پارەیێکی تر بە هیچ هاووڵاتییێکی کوردستانی نەدراوە.

یەکخستنی سنوورە فەرمی و لاوەکییەکانی پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران بەتایبەتی دوو پارێزگای کوردستان و ئازەربایجانی خۆرئاوا یەک لە کێشە سەرەکییەکانی ناوچەکەیە و پێویستی بە ئیرادەیێکی جیدییە و دەستپێشخەرییێکی بەهێز پێویستە بۆ ئەوەی دیاردەی کۆڵبەری و قەیرانی سنوورەکان و داهاتی هاووڵاتییانی سنوورنشین چارە بکات.

بە نزیک‌بوونەوە لە وەرزی هەڵبژاردنەکان، دروشمی ڕەنگاوڕەنگ و وەعدەی دڵخۆشکەر دەرئەکەوێت. دیار نیە ئەم جارەش ئەم بابەتە تەنها موزایەدەیێکی میدیاییە بۆ هەڵبژاردنەکان یان خود ئیرادەیێکی بەهێزی لە پشتەوەیە بۆ جێبەجێ کردنی یاساکە.

News Code 157457

Your Comment

You are replying to: .
captcha