کوردپرێس:
ڕزگار فەرزەندە ئەفەندی، بەرپرسی هۆبەی پاسپۆرتی فڕۆکەخانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ هاووڵاتیی چینیمان لە فڕۆکەخانەوە گەڕاندنەوە ئیمارات، ئەوەش بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
ڕزگار فەرزەندە ئەفەندی، بەرپرسی هۆبەی پاسپۆرتی فڕۆکەخانەی هەولێر هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ ئێوارە هاووڵاتییەکی دیکەی چینی دەگەڕێندرێتەوە و بەبڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر هاووڵاتییەکی چینی بێتە هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێتەوە".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە بۆ فڕۆکەخانەکانی ناردووە بڕیاریداوە، هاتنەژوورەوە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کەسە بیانییانەی کە لە 14-1-2020 ـەوە سەردانی چینیان کردووە قەدەخەیە.
نووسراو و هۆشدارییەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە تاوەکوو دێت ژمارەی ئەو وڵاتانە زیاتر دەبێت کە کۆرۆنا تێیدا بڵاودەبێتەوە. ئەگەرچی حکوومەتی عێراق لەبارەی بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە عێراق ڕایگەیاندووە، هیچ کەسێکی عێراقی نە لە نێوخۆ و نە لە دەرەوەش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە.
Your Comment