کوردپرێس:
دكتۆر مەحمود عوسمان، كە یەكێكە لە سیاسەتمەدارە ناسراوەکانی كورد و ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراقە، لەمیانی لێدوانێكیدا سەبارەت بە دۆخی عێراق ڕایگەیاند "بابەتی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ تەنها بەندە بە كوتلە سیاسییەكانی وڵاتەوە و ئەوانیش ناتوانن خۆیان لەو قەیرانە ڕزگار بكەن، چوونكە دەستیات بە پێگەی دەسەڵاتەوە گرتوە و ناشتوانن لەسەر كەسایەتییێک رێكبكەون"
ئاماژەی بەوەش كرد "هیچ رێككەوتن و جووڵانەوەیێک بە ئاراستەی چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق تا ئێستا بوونی نیە و لایەن و كوتلە سیاسیەكان لەنێو خۆیاندا و بەهۆی ململانێی بەرژەوەندییەوە دژیەك دەجووڵێنەوە، كە ئەوەش دەیانگەیەنێتە رێگەیێكی بنبەست".
لەمیانی وتەكانیدا ئەو سیاسەتمەدارەی كورد باسی لەوەش كرد "تەنانەت ئەگەر كوتلە سیاسییەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ كەسانی هاوشێوەی محەمەد عەلاوی و كەسایەتیی هاوشێوەی ئەو دیاری بكەن، ئەو سەرۆكوەزیرانە ناتوانێت هیچ هەنگاوێك بنێت یاخود چارەسەری قەیرانەكە بكات، بە تایبەتی كاتێك هیچ كوتلەیێكی سیاسی نەبێت كە پشتیوانیی بكات، تەنها لەكاتێكدا توانانی هەنگاونانی دەبێت پشتیوانیی كوتلە سیاسییەكان و خۆپیشاندەرانیشی هەبێت، ئەوەش گەر مەحاڵ نەبیت سەختە، بۆیە رێگەكە داخراوە و لەوانەیە بگاتە چارەسەرێكی نێودەوڵەتی".
بەگوێرەی وتەكانی دكتۆر مەحمود عوسمان "لە ئەگەری بەردەوامبوونی كێشە و قەیرانەكانی ئێستادا، عێراق توانای نابێت لەو دۆخەی ئێستا ڕزگاری ببێت و چارەسەریش ئەنجامدانی كۆنگرەیێكی نێودەوڵەتی تایبەت بە عێراق دەبێت، هەروەك چۆن بۆ لوبنان و لیبیا ئەنجام درا".
لە كۆتاییی لێدوانەكەشیدا ئەو كەسایەتییە سیاسییەی كورد وتی "بەرپرسیارییەتییێک لەسەرشانی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە تایبەت بەو بابەتە" كە بەگوێرەی پێشنیاری مەحموود عوسمان "عێراق بەرەو كۆنگرەیێكی نێودەوڵەتی دەڕوات، چوونكە دۆسیەكەی ئاڵۆز بووە".
د. مەحموود عوسمان، یەكێكە لە سیاسییە سەربەخۆكانی كوردستان، لە ساڵانی 1980 كاندا، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بووە و لەدوای ڕووخانی رژێمی سەدام، ئەندامی ئەنجومەنی حوكم بووە و ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق-یشە.
Your Comment