کوردپرێس:
کوردی عێراق و عەرەبی شێعەی ئەو وڵاتە تەقریبەن هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتییەوە هەتا کۆماری عێراق، خاوەنی زۆر ئازار و ئارمانجی هاوبەش بوون. هەردوو ئەو دوو پێکهاتەیە لە حەیاتی سەد ساڵەی خەباتی خۆیاندا بە شێوەیێک لە شێوەکان چاویان لە ئێران بووە و لە هەندێک قۆناغدا ئەم ڕوانینەش لە عیلاقاتێکی ئینسانی پێشڤەچوونی زیاتری بەخۆوە بینیوە و بۆتە پشتیوانی و ئارمانجی هاوبەش. پێوەندیی قووڵی فەرهەنگییش خاڵێکی دیکەی یەکبوونی ئێران و کوردەکانی عێراقە. کورد نزیکترین پێکهاتەی وڵاتانی دراوسێ لە ئێرانە. ئەم خزمایەتییە وای کرد کوردەکانی عێراق کە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی گەلانی ئێران لە ئوردووگاکانی کەرەج و هەمەدان و کرماشان بوون ببوژێنەوە و لە دەوری بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی کۆ ببنەوە و هەوڵی گەیشتنەوە بە زێد و باوانی خۆیان بدەن و هاودەنگ بن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەگەڵ سەرهەڵدانی نائارامیی قەومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، کوڕەکانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و بەرپرسان و فەرماندە پلەباڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق یارمەتیی هێزی چەکداری ئێرانیان دا و لە ناوچەکانی باکووری خۆرئاوای ئێران شەڕی نەیارانی ئێرانیان کرد و لەو ڕێگایەشدا شەهید و کەمئەندام و برینداری زۆریان پێشکەش کرد. بابەکر زێباری سوپاسالاری پێشووی عێراق و فەرماندەی باڵای پێشمەرگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان یەک لەو بەرجەستەترین فەماندە سەربازییانە بوو کە لەو شەڕانەدا بریندار بوو و ئێستاش برینی ئەو کاتە بە جەستەیەوە دیارە.
لە سەردەمی شەڕی سەپاوی ئێران و عێراقیشدا هێزەکانی بارزانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی خوالێخۆشبوو مام جەلال یارمەتیی هێزەکانی سوپای پاسدارانیان دا و ئوپەراسیۆنێکی گەورەی هاوبەشیان دژی دوژمنی بەعسی ئەنجام دا. سوپای بەعس چەندین جار ئۆردووگای بارزانییەکانی لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ بۆردومان کرد و خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی لەو ناوچەیەدا بە دەسیسەی بەعسییەکان شەهید کرا. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی گواستنەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ زۆر گرووپی چەکدار شەڕی کرد کە ئەو گرووپانە سووکایەتییان بە تەرمەکەی ئەو سەرۆکەی شۆڕشی کوردی عێراق دەکرد. لە شەشەمین ساڵی شەڕی ئێران و عێراقدا بوو کە ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنی بەعسی، باکووری عێراق و ئازادکردنی شارە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتەی هەڵبژارد. لە هەمان کاتدا ژمارەیێک لە فەرماندەکانی شەڕ، پێیان باش نەبوو کە بەرەی شەڕ لە باشوورەوە بۆ باکوور بگوازرێتەوە بەڵام ژمارەیێک فەرماندەی دیکەی ئێرانی لەو قەناعەتەدا بوون کە دەبێت هاوکات لە هەردوو بەری باکوور و باشووری عێراق بە یارمەتیی شیعەکانی باشوو و کوردەکانی باکوور چۆک بە سەدام دابدەن. سەدام هەر زۆر زوو بەم پلانەی زانی و هەموو قواتی سەربازیی خۆی لەو ناوچەیە پوورە دا. هێزەکانی ئێران دەستیان بەو ئامانجە نەگەیشت کە کاریان بۆ کردبوو و پاش یەک ساڵ دەزگای جەنگیی ئێران لە چیاکانی باکووری عێراق پەکی کەوت و سەدام بە شێوەیێکی ناجوانمێرانە تۆڵەی لە هاووڵاتییانی خۆی سەندەوە و بە چەکی کیمیایی هەڵەبجەی کردە ئامانج و ژمارەیێکی زۆری هاووڵاتییانی هەڵەبجە و هەروەها هێزەکانی سوپای پاسدارانی بریندار و شەهید کرد. ئەمەش هەڕەشەی جدیی سەدام و شەریکە جەنگییەکانی بوو کە ڕایگەیاند ئازادکردنی هەر شارێکی عێراق یەکسانە بە تەفروتووناکردنی هاووڵاتییانی شارەکە.
پاش ئەوەی سەدام توانای لاواز بوو و هێرشەکەی سەر کوەیتی کرد، ڕاپەڕینی شەعبانیە سەری هەڵدا و کوردەکان لە باکوور و عەرەبی شیعە لە باشوور ڕاپەڕین. ساڵی 1991 خەڵکی شارە کوردنشینەکان زووتر لە حیزبە کوردستانییەکان دژی سەدام ڕاپەڕینیان کرد. ئەم ڕاپەڕینە لە ناوچەی ڕانیە لە پارێزگای سلێمانی دەستی پێکرد و هەر بەو بۆنەیەشەوە ئەو شارە بە دەروازەی ڕاپەڕین دەناسرێت. ساڵی 1992 شەڕی براکوژی لە نێو حیزبە کوردستانییەکان دەستی پێکرد و تا ئەم کاتەش کەس ئامارێکی بەدەستەوە نیە کە چەن کەس بوونەتە قوربانیی ئەو شەڕە. بەگشتی لە عێراق دوو شت ئاماری ڕوونیان بەدەستەوە نیە یەکەم ڕێژەی قوربانییانی شەڕی حیزبە کوردستانییەکان لە 1992 تا 2002 و دووهەم ڕێژەی دانیشتووانی کوردی عێراق. 2003 دەسەڵاتی سەدام ڕووخا و دەسەڵاتی ڕەهای کوردەکانیش لە ناوچەکە کز بوو. حاکمی سەربازی-ئەمریکیی ئەو کاتی پاش سەدام لە هەمان سەرەتای دەسەڵاتیەوە بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە بێمنەتن لە کورد و حیزبە کوردستانییەکان، بۆیە جگە لە ژمارەیێک پارێزەری سەخشیی قیادە حیزبییەکان، سەرجەم کەسەکانی دیکە، بوونیان پێویست نیە و زیادین. پاش یەکەم تەقینەوەی ناوچە عەرەبییەکان، دەستبەجێ ئەمریکییەکان سەرنجیان خستە سەر ئاسایشی ناوچە کوردستانییەکان و جارێکی دیکە حیزبە کوردییەکان بوونەوە بە خاوەن پێگەی پێشووی خۆیان. لە هەڵبژاردنەکەی 2005ی عێراق، ئێران پشتگیریی شایستەترین کەسایەتیی کوردی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار و لە ئەنجامدا خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی ئەو پۆستەی وەرگرت. سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014 و کەوتنی مووسڵ کە گەورەترین شاری عێراقە، بوو بە مەترسییێکی جدی و هەڕەشەی لە بوونی هەرێمی کوردستان دەکرد. داگیرکرانی کارەساتباری شنگال و مەخموور لەلایەن داعشەوە زۆر شتی لە سەر نەدرکێندراوە و بوو بە هەڕەشە لە سەر بوونی هەولێر وەک پێتەختی هەرێمی کوردستان. یارمەتییەکانی حاج قاسم سولەیمانی و ئامادەبوونی لە هەولێر یارمەتیی گەورە بوو بۆ سەقامگیری و پارێزراوبوونی هەولێر و زۆر فەرماندە و کەسایەتیی کوردیش دانیان بەوەدا ناوە. جێگیرکردنی فەوجەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکانی مەخموور و گوڵاڵە و کەرکووک لە مێژووی شەڕی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. تەنانەت فەرماندەی قەرارگای حەمزە لەگەڵ کاک مەسعوود بارزانی دیداری کرد و بە ڕوونی ڕایگەیاند کە قەرارگای حەمزە خاوەن ئەزموونێکی گەورەی شەڕی دژەچریکییە و ئامادەن بۆ ئازادکردنی مووسڵ و دوورکردنەوەی هەڕەشەکە لە سەر پێتەختی هەرێمی کوردستان. هێزەکانی قەرارگای حەمزە هەر لەو ئوپەراسیۆنەشدا چەندین شەهیدیان پێشکەشی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی خوالێخۆشبوو مام جەلالدا وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەریی شاندێکی دیپڵۆماسیی ئێران لە ئاڵاترین ئاستدا بەشدارییان کرد. لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2017 کاک مەسعوود بارزانی فواد حوسێنی پێ باش بوو کە جێی متمانەی کاک مەسعوود بوو بەڵام لە ئەنجامدا دوکتور بەرهەم ساڵح لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئەو پۆستەی وەرگرت.
هێزەکانی دەرەوەی سنوور لە سوپای پاسداران هەر لە سەرەتاوە خزمایەتیی نزیکیان لەگەڵ کوردی عێراق بووە. بیرەوەرییەکانی میحوەری شێخان و لەولان و ئاسۆس و شەڕی بەناوبانگی کەرکووک لە بیرەوەریی هێزە تێکۆشەرەکانی سوپای پاسداران و فەرماندە و قیادە وەفادارەکانی حیزبە کوردییەکانی عێراقدا ماوەتەوە.
لە ڕووداوەکانی پاش ڕووخانی سەدامەوە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەردەوام دەوری تایبەتی بینیوە لە باڵانسی سیاسیی عێراق و بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان. شەهید قاسم سولەیمانی وەک فەرماندە ئەو هێزانە یەک لەو کەسانە بوو بەردەوام لە سوپادا لە سەر کورد دەهاتە دەنگ و تا ڕادەیێکی زۆر بایەخی بە کورد دەدا و بە هەمان ئەندازە کە سەرکردە عەرەبەکانی عێراقی بە جێگەی ڕێز دەزانی بە هەمان ئەندازەش ڕێزی لە کەسایەتییە کوردەکان دەگرت.
ئەو کاتەی ژمارەیێک لە لایەنەکان بە پڕۆپاگەندەی میدیایی و بەتایبەتی لە هەندێک میدیای سەر بە پارتی کاری موزایەدەی سیاسییان دەکرد، حاج قاسم بوو خۆی بە تەنیا هۆشداریی لەبارەی تەنگەژەکانەوە دەدا و بڕوای وابوو هەڵوێستە میدیاییەکان پێوەندیی بە هەڵوێستی سەرکردە و قیادە حیزبییەکانەوە نیە.
ئێستاش زۆر شت هەن کە بۆ وتن ناشێن و وەک دۆسیە و بەڵگەی مێژوویی دەمێنێتەوە و لەم کاتەدا ناکرێت باسی لێ بکەین و قووڵاییی مەحەبەت و وەفای هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران و بەتایبەت فەرماندە شەهیدەکەی ئەو سوپایە زیاتر ئاشکرا بکەین. هەندێک لەو شتانە بە تێپەڕبوونی کات خۆیان دەردەخەن و ئەگەر مەسڵەحەت بوو لە ئایندەدا بڵاو دەکرێنەوە و هەندێکیشیان دەبێت وەک بەگەی نهێنی لە پێوەندیی نێوان کورد و ئێراندا خەزن بکرێن.
پاش تیرۆرکرانی حاج قاسم سولەیمانی هاوسەنگیی دەسەڵات و هێز لە ناوچەکە ئاڵۆزتر بووە و بەو بۆنەیەشەوە ژمارەیێک لە هەڵوێست وەرگرتنەکان کە لە ڕووی تێبینیی سیاسییەوە بوو ناکۆکیی لە نێوان سەرکردەکانی ناوچەکە دروست کرد و ئەمەش لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدا نابێت. هەمووان دەزانن هەرێمی کوردستان لە سەر هەندێک بابەتی ناوچەکە تێبینیی هەیە بەڵام سەید حەسەن نەسروڵڵا وەک قیادەی حیزبوڵڵای لوبنان پێبەند نیە بە خۆبواردن و پێویست بوو ئەو هەستۆکییانەی ناوچەکەی لەبەرچاو بگرتبا و بەگوێرەی ئەو هەستۆکییە، ڕاسپاردەکانی خۆی ڕەوانەی میدیاکان کردبا.
کاک نێچیرڤان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە نووسیی حاج قاسم سولەیمانی یەک لە دۆستانی ئێمە بوو لە شەڕی دیکتاتۆرییەت و پاڵپشت و هاوسەنگەرمان بوو لە شەڕی دژبە داعش. هەروەها کاکە حەمەی حاجی مەحموودیش سکرتێری حیزبی سوسیالیستی کوردستان کە بە جوامێری ناوبانگی دەرکردووە نووسیی هەرکات پێویست بوایە حاج قاسم فەرماندە و هاوکار و پشتیوانی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان بوو بەتایبەتی لە شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش. هەڵبەت چاوەڕوان دەکرا لەو هێرشە تیرۆریستییەی کرایە سەر سەردار سولەیمانی، ژمارەیێک قیادەی کوردی لە پێگەی حەقێقیی خۆیانەوە و لە سەر بنەمای مەرام و ئەخلاقی جوامێرانەوە کە زەقترین تایبەتمەندیی ئەخلاقیی کوردە، لانی کەم سەرەخۆشیی شەخسییان ڕەوانە کردبا نەک لە ڕووی زەروورەتی سیاسی و بەناوی پۆستە فەرمییەکانەوە. ئەگەرچی گازندە سیاسییەکانی سەرۆکانی ناوچەکە و وەڵامەکانیش دەکرا بە پشوودرێژیی زیاتر بدرکێندرێن کە بەداخەوە موزایەدەی میدیایی پەرەی زیاتری پێدا. لێرەوە ئەو خاڵەش بە بیر دەهێنینەوە کە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مەکۆی ڕووداوە و نامەی نەکراوەی زۆری تێدایە و زۆر ڕووداوی چاوەڕواننەکراوی دیکەش لە بەردەم ناوچەکەدایە و دۆخەکە بەردەوام لە حاڵی گۆڕاندایە. باشتر وایە قیادەی حیزبەکان بە لێبوردەیی لەگەڵ یەکتر تەعامول بکەن و ئەوەیان لە پێش چاو بێت کە هەموو جۆرە خزمەتێک لە ڕۆژی تەنگانەدا -با کەمیش بێت- نرخی زۆر زیاترە. لە کاتی فەرعانەدا دۆست و برادەر زۆرە بەڵام هەمان دۆستان لەکاتی فەرعانەدا تاقی کراونەتەوە و ئەزموونی خۆیان سەلماندووە.
Your Comment