کوردپرێس:
کۆشکی سپی لە ڕاگەیێندراوێکدا دەقی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی لەبارەی کۆبوونەوەکە:
"گوتەی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش کۆبوونەوەی دووقۆڵییان. داڤۆس، سویسرا:
دۆناڵد ترەمپ: زۆر سوپاس. جێگەی خۆشحاڵییە لەگەڵ سەرۆک بارزانیی کوردستاندام. کۆبوونەوەیێکمان هەیە کاتەکەی دیاری دەکرێت. ماوەیێکی زۆرە دەمانەوێت کۆ ببینەوە، پێکەوە زۆر باش کارمان کردووە.
هەروەک دەزانن، ئێمە سووریامان لە ناوچە سنوورییەکان بەجێ­هێشت و ئەوەش بە باشی لەگەڵ تورکیا ئەنجام درا؛ زۆر لەوە باشتر ئەنجام درا کە هیچ کەس بیریشی لێکردبێتەوە. ئێستا ئەوان ئەوەیان هەیە کە پێی دەگوترێت "ناوچەی ئارام" و منیش دەستخۆشی دەکەم لەوەی ئێوە کردووتانە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ناوچەیە ئەوپەڕ سەلامەت بێت.
بەڵام، زۆر گرنگە، هەروەک دەزانن، ئێمە نەوتمان هەیە. ئێـمە سەربازمان بۆ نەوتەکە بەجێ­هێشت، چوونکە ئێمە نەوتەکەمان بەدەست هێناوە و کاریش لەسەر ئەوە دەکەین و زۆر بەباشی پاراستوومانە.
ئێمە هەروەها هەزاران زیندانیی داعشمان هەن. خەلافەتی (داعشمان) %100 تێکشکاند. ناوچەیێکی زۆر جێگەی سەرنجە، هەروەها ئێمە پەیوەندییێکی زۆر باشمان هەبووە و جێی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ تۆدام، زۆر سوپاس".
نێچیرڤان بارزانی: سوپاس، جەنابی سەرۆک. زۆر سوپاس.
دۆناڵد ترەمپ: دەتەوێت شتێک بڵێیت؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ. دەمەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرم بۆ سوپاس کردنت، بەڕێز سەرۆک، بۆ پێشوازی­کردن لێمان لە داڤۆس. وەک خۆشت باست کرد، تۆ دەزانی ئێمە بۆ ماوەیێکی زۆر چاوەڕێی ئەم چرکەساتەمان کرد.
سوپاس بۆ سەرکردایەتیت، سوپاس بۆ پشتیوانییەکانت، ئێمە بەیەکەوە داعشمان تێکشکاند.
دۆناڵد ترەمپ: راستە
نێچیرڤان بارزانی: هەربۆیە، بە ناوی گەلی کوردستانەوە، دەمەوێت سوپاس و پێزانی خۆمان بۆ سەرکردایەتی و پشتیوانییەکەت دەربڕین، سوپاس.
دۆناڵد ترەمپ: زۆر سوپاس، بەراستی شتێکی زۆر باشە.
نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس. پێزانینم هەیە.
Your Comment