بهپێی ههواڵی کوردپرێس، عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک ڕایگەیاند: "شەوی 17/6/2018، چەکدارانی داعش لە سنووری خورماتوو بازگەیان دانا و چەند کەسێکیان کوشتوووە و چەند کەسێکیان وەک بارمتە لەگەڵ خۆیان بردوووە، ھەروەھا ڕۆژانە لە سنووری قەزای حەویجە کار و چالاکی دژی ھێزە ئەمنییەکان ئەنجام دەدەن".
گوتیشی: "چەکدارانی داعش لە دەرەوەی شاری کەرکووک ھێزی خۆیان ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزی سەربازی و شانەی نوستوویان لەناو شاری کەرکووک ھەیە، بەڵام ئەوان زیاتر چاویان لەسەر بەشە سەربازییەکەیەتی و لەو ڕێگەیەوە کار و چالاکیی سەربازی ئەنجام دەدەن".
عەمید سەرحەد قادر ئاماژەی بەوەش دا کە ھەرکاتێک چەکدارانی داعش بیانەوێت، لە ڕێگەی شانە نوستووەکانی خۆیانەوە دەتوانن بارودۆخی ئەمنیی کەرکووک تێک بدەن، "بۆیە چەکدارانی داعش بەردەوام مەترسییێکی گەورەن بۆ ناو کەرکووک".
بەڕێوبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک باسی لەوەش کرد کە بە ھۆکاری ئەوەی کە کەرکووک کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و بە تەنیا ھێزێکی دیاریکراو ناتوانێت بارودۆخی ئەمنیی ئەو شارە بپارێزێت، دەشڵێت: "دوا جار ھەموو پێکھاتەکان پێکەوە دەتوانن بارودۆخی کەرکووک بپارێزن، بەڵام بۆ پاراستنی شارەکە لە ھەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، پێویستە پێشمەرگە پارێزگاری لە ھاووڵاتییانی شارەکە بکات".
سهرچاوه: باسنیووز
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment