توركیا سنووری دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی نه‌به‌زاندوووه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق باس لە هاتنەناوەوە و ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای توركیا بۆ گوندی (بەرمیزە)ی قەزای سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەكات و دەڵێت: توركیا سنووری دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی نه‌به‌زاندوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پێشتر چەندین گرتە ڤیدیۆیی‌ و وێنەی ژمارەیێک سەربازی توركیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییە كوردییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و چەند دەزگایێكی ڕاگەیاندنی لۆكاڵی هەرێمی كوردستان بڵاو كرایە، كە تێیدا سەربازانی توركیا بە مەبەستی بەربانگ كردنەوە چووبوونە ناو گوندی (بەرمیزە)ی سەر بەقەزای سۆرانی پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمەكە.

لەو بارەوە كرمانج عیزەت قایمقامی قەزای سۆران لەمیانەی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، دەشڵێت: گوندی بەرمیزە تەنیا دوو كیلۆمەتر لەسەر سنووری توركیاوە دوورە، وەک هەموو وەرزێكی بەهار پێنج مانگ پێش ئێستا توركیا هێڵی بەرگری خۆی گۆڕی، بەڵام ئەمجارە لەناو خاكی خۆی نەبوو، بەڵكوو پەڕییەوە بۆ كوردستانی عێراق ئەو شوێنانەی كە پەكەكەی پێشتر لێ بوون نەک ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی حكوومەتی هەرێم بوون هاتن بەرزاییەكانی ئەو شوێنانەیان گرت بەبێ ئەوەی پەكەكە هیچ بەرگرییێک بكات."

قایمقامی قەزای سۆران هەروەها دەڵێت: "ئەوە بوو لە مانگی ڕەمەزان ئەو سوپایە تەكلیفیان لە خەڵكی ئەوێ كرد كە دەیانەوێت بێن ئێوارەخوانێک لەگەڵ خەڵک بكەن و بۆ خەڵكی ڕوون بكەنەوە كە كێشەی ئەوان لەگەڵ پەكەكەیە نەک ئەوان، بۆیە دوو سەد سەرباز كەمتر یا زیاتر چووبوونە ناو گوندەكە خوانێكیان لەگەڵ خەڵكی ئەو ناوچەیە خوارد لە ماوەی سێ سەعاتدا گەڕاونەوە شوێنی خۆیان كۆمەڵێک خواردەمەنیشیان بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە هێنابوو دابەشیان كردبوو بەسەریاندا."

پێشتر عەمید یەحیا زوبەیدی وتەبێژی فەرمیی سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لەمیانەی گفتوگۆیێک ڕای‌گەیاندبوو: "بەڕاستی ئەو ڤیدیۆیەمان نەبینیوە كە سوپای توركیا چووبێتە گوندێكی قەزای سۆران، لە هیچ شوێنێكیش پشتڕاست نەكراوەتەوە ڕاستە یاخود نا؟"

هەروەها ڕاشیگەیاندبوو: "من زانیارییێكی وردی لەو جۆرەم لا نییە كە تەئكید لەو بابەتە بكاتەوە، بەڵام ئێمە هەمیشە وتوومانە بەهیچ جۆرێک نامانەوێت خاكی عێراق ببێتە شوێنی چالاكی و كار دژ بەوڵاتانی دراوسێ، ئێمە ڕێز لە سەروەری خاكی توركیا و هەموو وڵاتانی دراوسێی عێراق دەگرین."

بەڵام كرمانج عیزەت قایمقامی سۆران ڕەخنە لە حكوومەتی عێراق دەگرێت كە هەڵوێستی نەبوووە لەسەر هاتنی سوپای توركیا، چونكە حكوومەتی عێراق بەرپرسە لە پاراستنی سەروەری خاكەكەی و دەڵێت: "دەبوو حكوومەتی عێراق لەسەر هاتنی ئەو سەربازە توركانە هەڵوێستی هەبوایە پێشتر ئەو ناوچانە لەدەست ئێمە نەبوووە و لە هیچ شوێنێكی ژێر دەستی پێشمەرگەی كوردستان حكوومەتی توركیا سنووری نەبەزاندوووە تەنها ئەو شوێنە نەبێت ئەوەش بەڕێكەوتن نەبوووە، بەڵكو ئەو شوێنانە شوێنی ژێر دەستی پەكەكە بوون نەک حكوومەتی هەرێم هەرچەند ئێمە لەگەڵ ئەوە نین ‌و پشتگیری ناكەین بەڵام شوێنی ئێمە نەبوووە پێشتر."

هەروەها وتیشی: "مەخفەری پاراستنی سنووری لێیە بە دەقە و سەعات لەهەر گۆڕانكارییێک حكوومەتی عێراق ئاگادار دەكاتەوە، بۆیە دەبێت ئاگاداری ئەو بابەتە بووبێتن و پێویست بەوە ناكات ئێمە ئاگاداریان بكەینەوە، چونكە پێشمەرگە هیچ سەنگەرێكی بەرانبەر توركیا نییە هەروەک بەرانبەر پەكەكەش نەمان بوووە، سوپای عێراق پاسگایێكیان لەوێ هەیە ".

كرمانج عیزەت قایمقامی سۆران باسی لە بۆچوونی خۆیان كرد لەبارەی هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر قەندیل و شنگال وتی: "ئەگەر توركیا بیەوێت بێتە قەندیل دەبێت یا ڕێكەوتنێكی نێودەوڵەتی بێت یا دەبێت بە سوپایێكی زۆرەوە بێت هەر جووڵەیێكی توركیا ئەگەر بەڕێكەوتنی نێودەوڵەتی نەبێت ئاسان نییە."

قایمقامی سۆران وتیشی: "پەكەكە بە شێوەیێكی عەسابەیی و پارتیزانی شەڕ دەكەن ئەگەر توركیا هێرشی كرد و ئەوان لەوێش نەمێنن دەچنە شوێنێكی تر، بەڵام ئەوەی زیان دەكات خەڵكی ناوچەكەن لەگەڵ ئەوەشدا وای بۆ دەچم توركیا زیاتر هەڵمەتێكی هەڵبژاردن بێت نەک بەڕاستی بیەوێت هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانە، چونكە لە شنگالیش هێزی ئەمریكی و سوپای عێراقی لێیە."

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15659

Your Comment

You are replying to: .
captcha