بۆئه‌وه‌ی وڵات نه‌كه‌وێته‌ بۆشایی ده‌ستوورییه‌وه‌، دادگا ده‌توانێت چه‌ند مانگێک ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكاته‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- كۆتایی ئه‌م مانگه‌ كۆتایی به‌م خوله‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دێت، ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش رایده‌گه‌یێنێت: ته‌نیا یه‌ک رێگه‌ هه‌یه‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فه‌رهاد قادر، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند: له‌ 30ی 6ی 2018، كۆتایی به‌ته‌مه‌نی خولی سێیه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دێت و ده‌ستووری عێراقیش هیچ رێگه ‌و میكانیزمێكی بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان دیاری نه‌كردووه‌.

ناوبراو وتیشی: ته‌نیا یه‌ک رێگه‌ هه‌یه‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان، ئه‌ویش له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادگای باڵای فیدراڵییه ‌و ده‌توانێت شیكردنه‌وه‌ بۆ بارودۆخی وڵات بكات، كه‌ له‌ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و حكومڕانی و نه‌گه‌یشتن به‌ئه‌نجام له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، رووبه‌ڕووی ئاڵۆزی بۆته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی وڵات نه‌كه‌وێته‌ بۆشایی ده‌ستوورییه‌وه‌، دادگا ده‌توانێت چه‌ند مانگێک ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكاته‌وه‌، تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ڵێت: "وه‌كوو فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ڕێگه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه‌ سكاڵامان له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تایبه‌ت به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له ‌هه‌رێمی كوردستان تۆماركردووه‌، به‌وپێیه‌ی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره ‌و نابێت ئه‌و ده‌نگدانه‌ ره‌ت بكرێته‌وه‌".

فه‌رهاد قادر وتیشی: "هه‌روه‌ها سكاڵامان له‌سه‌ر نایاسایی بوونی ئه‌و دانیشتن نائاساییه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تایبه‌ت به‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن تۆماركردووه ‌و چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی دادگاین، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و دوو سكاڵایه‌ش، كاتی پێویسته‌".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 15596

Your Comment

You are replying to: .
captcha