به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتی دیموکرات و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له به‌یاننامه‌یێکدا بۆچوونی هاوبه‌شی خۆیان له‌سه‌ر هاوپه‌یمانیی سیاسیی نوێ ڕاده‌گه‌یێنن و ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن شه‌وی ڕابردوو به هیمه‌تی دڵسۆزان بۆ ده‌ربازكردنی وڵات له ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی هه‌وڵێک بۆ هاوپه‌یمانیی (سائیرون و فه‌تح) راگه‌یه‌ندرا و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌کێتی و پارتی ئه‌و هه‌نگاوه به ئه‌رێنی ده‌زانین و پێمان وایه سه‌ره‌تای نهخشهڕێگایێكی سیاسی و هاوپه‌یمانیی باشه.
ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه:
له‌م دۆخه هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌ی عێراق و كوردستاندا، سیاسه‌تی نه‌خوازراو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی خسته ناو گێژاوێكی ترسناک.
ی.ن.ک و پ.د.ک خۆمان و گه‌لی كوردستان‌مان له مه‌ترسیی ئه‌و كێشانه، له كوردستان و عێراق دوور خسته‌وه و هه‌وڵێكی زۆریشمان دا به‌رده‌وام به‌شێک بین له چاره‌سه‌ر به‌پێی ده‌ستوور و رێسا و یاساكانی هه‌ڵبژاردن و له‌م پێناوه‌شدا وه‌فدی هاوبه‌شی هه‌ر دوو لا به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ یه‌ک سه‌ردانی ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقمان كرد و هه‌ڵوێستی خۆمانمان پێ راگه‌یاندن.
شه‌وی ڕابردوو به هیمه‌تی دڵسۆزان بۆ ده‌ربازكردنی وڵات له ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی هه‌وڵێک بۆ هاوپه‌یمانیی (سائیرون و فه‌تح) ڕاگه‌یێندرا و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌کێتی و پارتی ئه‌و هه‌نگاوه به ئه‌رێنی ده‌زانین و پێمان وایه سه‌ره‌تای نهخشهڕێگایێكی سیاسی و هاوپه‌یمانیی باشه له‌پێناوی ده‌رباز بوون له‌م دۆخه بنبه‌سته سیاسییه و بێگومان ی.ن.ک و پ.د.ک هه‌ڵوێستی هاوبه‌شیان گه‌ڵاڵه ده‌كه‌ن و به زووترین كات وه‌فدی هاوبه‌ش بۆ دانووستان پێكدێنین.
له هه‌مان كاتدا ئومێده‌وارین سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردستانی و عێراقییه‌كان خاڵه هاوبه‌شه‌كان به سه‌ر خاڵه ناكۆكه‌كاندا زاڵ بكه‌ین و پێكه‌وه به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تێكی سازاوی نیشتمانی بۆ ڕاپه‌راندنی ئه‌ركه هاوبه‌شه‌كان پێک بهێنین و یه‌کڕیزیی نیشتمانی بپارێزین.
یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان
مه‌كته‌بی سیاسی مه‌كته‌بی سیاسی
12ی حوزه‌یرانی 2018
سه‌رچاوه: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment