بۆچوونی هاوبه‌شی یه‌کێتی و پارتی ده‌رباره‌ی هاوپه‌یمانیی سیاسیی نوێ له عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یه‌كێتی و پارتی له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیاندا بۆچوونی هاوبه‌شی خۆیان ده‌رباره‌ی هاوپه‌یمانیی سیاسیی نوێ له‌ عێراق ئاشكرا ده‌كه‌ن

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتی دیموکرات و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ به‌یاننامه‌یێکدا بۆچوونی هاوبه‌شی خۆیان له‌سه‌ر هاوپه‌یمانیی سیاسیی نوێ ڕاده‌گه‌یێنن و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن شه‌وی ڕابردوو به‌ هیمه‌تی دڵسۆزان بۆ ده‌ربازكردنی وڵات له‌ ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی هه‌وڵێک بۆ هاوپه‌یمانیی (سائیرون و فه‌تح) راگه‌یه‌ندرا و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌کێتی و پارتی ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ ئه‌رێنی ده‌زانین و پێمان وایه‌ سه‌ره‌تای نه‌خشه‌ڕێگایێكی سیاسی و هاوپه‌یمانیی باشه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:

له‌م دۆخه‌ هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌ی عێراق و كوردستاندا، سیاسه‌تی نه‌خوازراو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی خسته‌ ناو گێژاوێكی ترسناک.

ی.ن.ک و پ.د.ک خۆمان و گه‌لی كوردستانمان له‌ مه‌ترسیی ئه‌و كێشانه‌، له‌ كوردستان و عێراق دوور خسته‌وه ‌و هه‌وڵێكی زۆریشمان دا به‌رده‌وام به‌شێک بین له‌ چاره‌سه‌ر به‌پێی ده‌ستوور و رێسا و یاساكانی هه‌ڵبژاردن و له‌م پێناوه‌شدا وه‌فدی هاوبه‌شی هه‌ر دوو لا به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ یه‌ک سه‌ردانی ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقمان كرد و هه‌ڵوێستی خۆمانمان پێ راگه‌یاندن.

شه‌وی ڕابردوو به ‌هیمه‌تی دڵسۆزان بۆ ده‌ربازكردنی وڵات له‌ ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی هه‌وڵێک بۆ هاوپه‌یمانیی (سائیرون و فه‌تح) ڕاگه‌یێندرا و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌کێتی و پارتی ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ ئه‌رێنی ده‌زانین و پێمان وایه‌ سه‌ره‌تای نه‌خشه‌ڕێگایێكی سیاسی و هاوپه‌یمانیی باشه‌ له‌پێناوی ده‌رباز بوون له‌م دۆخه‌ بنبه‌سته‌ سیاسییه‌ و بێگومان ی.ن.ک و پ.د.ک هه‌ڵوێستی هاوبه‌شیان گه‌ڵاڵه‌ ده‌كه‌ن و به ‌زووترین كات وه‌فدی هاوبه‌ش بۆ دانووستان پێكدێنین.

له‌ هه‌مان كاتدا ئومێده‌وارین سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ سه‌ر خاڵه‌ ناكۆكه‌كاندا زاڵ بكه‌ین و پێكه‌وه‌ به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تێكی سازاوی نیشتمانی بۆ ڕاپه‌راندنی ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كان پێک بهێنین و یه‌کڕیزیی نیشتمانی بپارێزین.

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان

مه‌كته‌بی سیاسی مه‌كته‌بی سیاسی

12ی حوزه‌یرانی 2018

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15520

Your Comment

You are replying to: .
captcha