کوردپرێس:
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وڵاتی بەنداوەکان ناسراوە، ئەگەرچی دروستکردنی ھەر بەنداوێک چەندین ساڵ و چەندین ملیار دۆلاری دەوێت، ئەمەش ئەو وڵاتەی کردووەتە دەوڵەتی ھاووڵاتی و بەنداوەکانی خستوەتە خزمەت پرۆژەی گەشتیاری و کارەبا و کشتوکاڵ.
ساڵی ٢٠١٣ بەشداریی ڤیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیم کرد لە ئێران، یەکێک لەو شوێنانەی سەردانمان کرد بەنداوی شەھید رەجائی بوو لە ٤٥ کیلومەتریی باشووری خۆرئاوای شاری ساری لە پارێزگای مازندەران کە دەکەوێتە شیمالی ئێران.
لە روژانی رابردوودا دەنگۆی گرتنەوەی رووباری سیروان و زێی بچووک ئەم بابەتەی وەبیر ھێنامەوە بۆیە بە گرنگم زانی زانیارییێک لەو بارەیەوە بخەمە روو .
لە ساڵی ٢٠٠٧وە کۆماری ئیسلامیی ئیران داوا لە حکوومەتی عێراق ئەکات بۆ ئەوەی رێکەوتن لە بواری ئاودا بکات تا کەڵک لەو رووبارانە وەربگیرێت کە لە سنوورەکانی ئیرانەوە ئەرژیتە خاکی عێراقەوە لەکاتێکدا دوان لەو رووبارانەی ئێران ئەکەونە ناوچەی ھەرێمی کوردستان.
پێش چەند ڕۆژ لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەرکونسووڵی ئێران لە سلێمانی وتی" داوا لە حکوومەتی ھەرێم ئەکەم، حکوومەتی عیراق ناچار بە ریکەوتن بکات لە گەل کۆماری ئیسلامیی ئیران. ئەمەش لە پێناو کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە سەرچاوەی ئەو رووبارانە .
ھەر وڵاتێک بەنداوێک دروست بکات بەمەبەستی سوودگەیاندنە بە وڵاتەکەی خۆی ئەگینا کێ ئامادەیە بودجەیێکی گەورە بخاتە خزمەت پرۆژەیێکەوە و ھیچ سوودی لێ نەبینیت.
کورتەیێک لە سەر بەنداوی شەھید رەجایی بەمەبەستی وشیاریی زیاتر:
ئامانجەکانی دروست کردنی بەنداوی شەھید رەجائی:
١- بەرھەمھێنانی کارەبای ساڵانە بە بڕی ٣١ ملیۆن کیلۆ وات سەعات وزە بەرھەم ئەھێنێت.
٢- بەکارھێنانی وەک ناوچەیێکی گەشتیاری و بەکار ھێنانی بەلەم و تەلەفریک و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران .
٣- بەکارھێنانی بەنداوەکە بۆ راوەماسی و باشترکردنی بژێوی ھاووڵاتییانی ناوچەکە.
٤- درووستکردنی چەندین ھۆڵی کۆبونەوە تایبەتەکان و ڤێللا و ریستۆرانی شاھانە و بنیاتنانی باخچەی ئاژەڵان لەکەناری بەنداوەکە .
٥- رێگری کردنی لە لافاوی باراناوى زستان
٦- بە بەراوکردنی زەوییەکانی ناوچەکە و بەکارھێنانی بۆ کشتوکاڵ و باغداری .
٧- دابینکردنی سەرچاوەیێکی گرنگی ئاو بۆ خواردنەوە و بردنی تۆڕی ئاو بۆ ماڵان.
پێکھاتەی بەنداوەکە:
١- بەرزیی بەنداوەکە ١٣٨ مەترە
٢- درێژیی بەنداوەکە ٢٢٧ مەترە
٣- پانیی بەنداوەکە ٢٧ مەترە
٤- بە پێنج ساڵ دروست کراوە
٥- ئەندازەی پاشەکەوتکردنی ئاوی بەنداوەکە ١٦٠ ملیۆن مەتری سێجا
٦- ڕووبەری بەنداوەکە ٥٢٠ ھێكتار زەوی
٧- درێژیی بەنداوەکە ٨٥٠٠ مەتر .
سەرەڕای خەمساریی حکوومەتی هەرێم لە سەر پرسی دروست کردنی بەنداو، ستار عەزیز هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە کەلار بە تەنھا خۆی و لە سەر ئەرکی خۆی لە ساڵی ٢٠١٤وە بەنداوێکی لە ناوچەکەی خۆیاندا دروست کردووە.
ئەمەش وای کردووە لە وەرزی ھاویندا خەڵکی سنوورەکەی سوود لە پاشەکەوتی ئەو ئاوە ببینن. ئەمە جگە لەو ھەموو ئاژەڵ و باڵندە کێویانەی سوودی لێ ئەبینن .
Your Comment