وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕوونكردنه‌وه له‌ باره‌ی به‌كشانه‌وه‌ی‌ كه‌نه‌دا ده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دوای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڕاگه‌یه‌نراوێک له ‌لایه‌ن كه‌نه‌داوه‌ سه‌باره‌ت به‌ڕاگرتنی‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ بۆ پێشمه‌رگه‌، وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ هاته‌ده‌نگ و ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "ڕاگرتنی هاوكارییه‌كان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن كه‌نه‌داوه‌ هیچ كاریگه‌رییێک له‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دروست ناكات"، ناوی‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌هێزه‌كانیان ده‌كه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، كه‌نه‌دا سێ جار ژماره‌ی هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی له ‌عێراق و هه‌رێم زیاد كرد و له‌ ساڵی 2016شدا ژماره‌یان گه‌یشته‌ 210 سه‌رباز، ئه‌مڕۆش له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌و وڵاته‌ ئاشكرای كردوووه: "ئێستا هیچ هۆكارێک نه‌ماوه‌ بۆ مانه‌وه‌مان و هاوكاری كردنی‌ پێشمه‌رگه‌، چوونكه‌ شه‌ڕی داعش و بوونی ئه‌و گرووپه‌ له‌ عێراق كۆتایی هاتوووه‌".

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له ‌لێدوانێكدا به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "ڕاگرتنی هاوكارییه‌كان بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن كه‌نه‌داوه‌، هیچ كاریگه‌ریێک له‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دروست ناكات".

ئاشكراشی كرد: "له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان ناوه‌ندی مه‌شقی هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامه‌ له ‌كاری خۆیی و ته‌نها كه‌نه‌دا له‌و هاوپه‌یمانێتی و ناوه‌نده‌ كشاوه‌ته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به ‌مه‌شق‌پێكردنی‌ پێشمه‌رگه‌ یاوه‌ر جه‌ختی كرده‌وه‌: "ئه‌و ناوه‌نده‌ی بۆ مه‌شقی پێشمه‌رگه‌ له ‌هه‌رێم هه‌یه‌، شه‌ش مانگ له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیا و شه‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌ش له‌لایه‌ن ئیتاڵیاوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، بۆیه‌ مه‌شقی‌ پێشمه‌رگه‌ هیچ كێشه‌یێكی‌ نییه‌".

به‌ وته‌ی‌ جه‌بار یاوه‌ر: "هیچ جۆره‌ مه‌شقێک له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌وه‌ستاوه‌ و مه‌شتقه‌كان زۆر به ‌باشی به‌ڕێوه ‌ده‌چن و پلانی مه‌شقی ساڵی 2018 به‌ته‌واوی دانراوه ‌و به‌رده‌وامه‌".

ئه‌وه‌شی‌ وت: "له ‌ئێستادا به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی مه‌شقی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ناوه‌ندی مه‌شقی هاوپه‌یمانان سه‌رقاڵی كۆبوونه‌وه‌ن بۆ دانانی پلانی مه‌شقپێكردن بۆ ساڵی 2019".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15355

Your Comment

You are replying to: .
captcha