کوردپرێس:
لە میانی بەشداری کردنی ڕێپێوانی ڕۆژی قودسدا چەند بەرپرس و فەرماندەی باڵای سەربازیی ئێران لێدوانی کورتیان دا کە هەندێکیان بریتی بوون لە: فەریق کەیومەرس فەرماندەی هێزی زەمینیی ئەرتەش، فەریق حسێن دیهقان جێگری وەزیری بەرگریی ئێران، فەریق محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری ئێران، فەریق حەسەن فیرووزی ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
فەرماندەی هێزی زەمینیی ئەرتەش
فەریق کەیومەرس حەیدەری فەرماندەی هێزی زەمینیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداریی ڕێپێوانی ڕۆژی قودسی کرد و لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند لاپەڕەکانی ڕۆژژمێرەکەی ڕووخانی ئیسراییل لە ئەرتەشی ئێراندا زۆری نەماوە.
ناوبراو زیاتر گوتیشی: "فەڵەستین جگەرگۆشەی ئێمەیە و یارمەتییەکانمان بۆ فەڵەستین لە هەر دوو ڕەهەندی مەعنەوی و مادییشەوە دەبێت و بەردەوام ئامادەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسراییل."
جێگری وەزیری بەرگریی ئێران
فەریق حسێن دێهقان جێگری وەزیری بەرگریی ئێرانیش لای خۆیەوە بەشداریی ڕێپێوانی قودسی کرد و لە لێدوانێکی کورتدا پەیامێکی ڕاگەیاند لە سەر ئەوەی کە سعوودیە دەستی کردووە بە هەڵمەتێکی نوێ بۆ خۆش کردنی جێگە پێی ئیسراییل و یارمەتیدەرە بۆ ماننەوە و بەهێزبوونی ئەو وڵاتە ساختەییە.
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری ئێران
فەریق محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری ئێران لە ڕێپێوانی ڕۆژی قودسدا بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند ئەم یەکڕیزییەی بەشداربووانی هاووڵاتییان لە ڕێپێوانی قودسدا دەیسەلمێنێت کە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس کار ناکات لە سست کردنی ئیرادەی گەلانی موسڵمان و پشتگیری کردنی ئێران لە فەڵەستین.
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران
فەریق حەسەن فیرووزی ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە میانی بەشداری کردنی لە ڕێپێوانی ڕۆژی قودسدا گومەزە پۆڵاکەی ئیسراییل گاڵتەجاڕە چوونکە پێشتریش چەندین جار ئەم "گومەزە پۆڵایینە"ی تاقی کردۆتەوە و بە هیچ نەبووە.
ئەو ڕاوێژکارەی ئایەتوڵڵا خامنەیی زیاتر گوتی: "هاوپەیمانیی ئیسراییل لەگەڵ چەند وڵاتێکی چەواشەکاری عەرەبی و بەتایبەت سعوودیە هاوپەیمانییێکی ستراتیژییانە نییە بەڵکوو هەردوو لایەن لە ئیسلامی ڕاستەقینە دەترسێن.
جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران
فەریق حسێن سەلامی جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی قودس و لە میانی وتارێکدا لە شاری مەشهەد، ڕایگەیاند، "کاتێک ئیسرائیلییەکان بنکەی تی فۆڕیان لە سووریا بۆردومان کرد و ژمارەیێک گەنجیان شەهید کرد، وایاندەزانی وەڵامی ئەو هێرشە وەرناگرنەوە و پێیان وابوو بە پشتیوانیی ئەمریکا و بەریتانیا دەتوانن بەرەی بەرگری بترسێنن".شیاوی ئاماژەیە ڕێپێوانی قودس بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای جێبەجێکاری ئێران و فەرماندە پلەبەرزەکان و گەلانی ئێران ڕۆژی هەینی 8ی ئایار لە هەموو ئێران بەڕێوە چوو ئەوەش بەپێی فەرمانێکی ئایەتوڵڵا خخومەینی بونیاتنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە سەرتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە دوایین هەینیی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی وەکوو ڕۆژی جیهانیی قودس ناو لێبرد.
Your Comment