جواد زەریف: ئەو وڵاتانەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەمێننەوە دەبێت قەرەبووی زیانەکانمان بکەنەوە

بەشی ئێران/ کوردی- محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکیدا بۆ وڵاتانی بەشداربووی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەمێنەنەوە دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە کە ڕووبەڕووی ئێران بوونەتەوە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکیدا بۆ وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەشدارن ڕایگەیاند، جیهان دەبێت بەڕووی هەڵسوکەوتەکانی واشنتۆندا بوەستێتەوە چوونکە ئەمریکا پێشێلی مادەی ٢٢٣١ نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، زیانی بە ئابووری ئێران گەیاندووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ئەوەش کرد، ڕێكکەوتنە ناوەکییەکە دەرەئەنجامی گفتوگۆ و مشتومڕێکی هەستیار و بابەتی هاوسەنگ بووە و ناکرێت دووبارە دانوستانی لەسەر بکرێتەوە وەکوو ئەوەی ئەمەریکا داوای دەکات.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، کشانەوە نایاساییەکەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە و ئەو بەرنامەیەی کە پەیڕەوی کرد لەگەڵ ئێران گومانی خستۆتە سەروەریی یاسا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

زەریف ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو وڵاتانەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا ماون و هاوبەشەکانی دیکەی بواری بازرگانیی ئێرانن ئەگەر دەیانەوێت لە ڕێککەوتنەکە بمێنەنەوە دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە کە ڕووبەڕووی ئێران بۆتەوە دوای کشانەوەی ئەمەریکا.

لە ٨ى ئایارى ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ بە فەرمى کشانەوەى ئەمریکاى لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى ئێران لەگەڵ وڵاتانى پێنج کۆ یەک ڕاگەیاند و بە وتەى سەرۆکى ئەمریکا ئەم ڕێککەوتنە هەلى باشى بۆ ئێران ڕەخساندووە کە گەشە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەى بدات نەک سنووردارى کردبێت.

لە ٢١ى ئایاری ٢٠١٨شدا مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ستراتیژیى نوێى ئەمریکاى بۆ ڕووبەڕووبوونەوى ئێران ڕاگەیاند و ١٢ مەرجى بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دیاری کرد و لە بەرامبەردا ئێران بە توندى وەڵامى دایەوە و حەسەن ڕۆحانى سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایگەیاند ئەو سەردەمە بەسەرچوو ئەمریکا بڕیار بدات کە وڵاتانى جیهان چى بکەن.

لە ئێستاشدا هەر پێنج وڵاتی فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و چین و ڕووسیا لە ڕێککەوتنەکەدا ماون.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 15166

Your Comment

You are replying to: .
captcha