بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دوایین لێدوانەكانی دەمیرتاش لە زیندانەوە رایگەیاند: دەبێ پەكەكە چەک دابنێ و پرسی كورد لە توركیا بە رێگەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت.
دەمیرتاش، ئاماژەی بەوەشدا، ھیچ پەیوەندییێكی رێكخراوەیی لەنێوان ھەدەپە و پەكەكەدا نیین.
لەبەرامبەردا موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە بە ئاژانسی فوڕاتی نزیک لە حزبەكەی راگەیاند "ئێمە پارتی ھەڵبژاردن نین ھەڵبژاردنەكانی توركیا ھیچ ئەنجامێكیان نابێ و بە ھەڵبژاردن ناتواندرێت كۆتایی بە دەسەڵاتی ئاكەپە بێنن. ئێمە بە تێكۆشان و ھێزی گەل سەركەوین".
لە لایێكی دیكە و ھەر دژی گوتەكانی دەمیرتاش، دوران كاڵكان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەوەی خستەڕوو: "با فێڵ لە خۆمان نەكەین، فاشیزمی ئاكەپە و مەھەپە بە ھەڵبژاردن كۆتایی نایە، ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنەكانی 2015 سەرنەكەوت، بەڵام دەستبەردرای دەسەڵات نەبوو".
دوای لێدوانی سەركردەكانی پەكەكە دەمیرتاش جارێكی دیكە لەسەر ئەو پرسە ھاتە دەنگ و لە لێدوانێكدا رایگەیاند: "ئێمە نوێنەری پەكەكە نین، بەڵكوو ئێمە نوێنەری دەنگدەرانی خۆمانین، ئێمە دژی شەڕی پەكەكە و توركیاین".
ئەمە لە كاتێكدایە یەكێک لەو ھۆكارانەی دەمیرتاش پێی خرایە زیندانەوە ھاوكاری كردنی پەكەكە بوو، ئێستاش دەمیرتاش لە زیندانەوە كاندیدی ھەدەپەیە بۆ سەرۆكایەتیی توركیا. ھەروەھا جگە لە دەمیرتاش زیاتر لە 10 ھەزار ئەندامی ھەدەپە بە تۆمەتی بانگەشە و ھاوكاری كردنی پەكەكە لە زیندانن.
سەرچاوە: کوردستان 24
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment