عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق: بڕیاره‌که‌ی کۆنگرێسی ئه‌مریکای ده‌ستوه‌ردانی ڕه‌ها بۆ کاروباری ناوخۆی عێراقە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بزووتنه‌وه‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق بڕیاره‌که‌ی کۆنگرێسی ئه‌مریکای به‌ ده‌ستوه‌ردانێکی ڕه‌ها بۆ کاروباری ناوخۆیی عێراق له‌قه‌ڵه‌م دا، کاتێک گرووپه‌که‌ی خستووه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌.

کوردپرێس- له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕۆژی هه‌ینی بزووتنه‌وه‌که‌ داوای له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق کردووه‌، ڕێوشوێنه‌کانی خۆی بگرێته‌به‌ر له‌ به‌رامبه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا، به‌و پێیه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی دیپلۆماتیی ده‌وڵه‌تی ناوبراو ده‌کات، که‌ به‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ کاروباری ناوخۆیی عێراق تاوانباری ده‌کات.

بزووتنه‌وه‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌، واشنتۆن باجی ئه‌و سیاسه‌ته‌ دوژمنکارانانه‌ی ده‌دات و یه‌که‌م شتیشی له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی به‌یاننامه‌که‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌، ده‌رکردنی ئه‌و بڕیاره‌ی کۆنگرێس له‌ دژیان، هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و به‌ده‌ستهێنانی ١٥ کورسیی په‌رله‌مان.

ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو کۆنگرێسی ئه‌مریکا پرۆژه‌ بڕیارێکی په‌سه‌ندکرد، که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق و بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با و حزبوڵای عێراقی به‌ ڕێکخراوی تیرۆریستی ناو بردووه‌ و بڕیاره‌که‌ش ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیران کراوه‌ بۆ په‌سه‌ندکردنی.

News Code 15063

Your Comment

You are replying to: .
captcha