دانیشتوانى گوندێک چوار چه‌كدارى داعشیان ده‌ستگیر كرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ژماره‌یێک له‌ دانیشتووانى گوندی (گڵاباد)ى سه‌ر به‌ شاره‌دێی جه‌باره‌، له‌ بۆسه‌یێكدا چوار چه‌كدارى ڕێكخراوى داعشیان ده‌ستگیر كرد و ڕاده‌ستى هێزه‌كانى ئاسایشیان كرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئامانج عه‌بدولڕه‌زاق، لێپرسراوى كۆمیته‌ى جه‌باره‌ى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: "شه‌وى ڕابردوو ژماره‌یێک له‌ دانیشتوانى گوندى (گڵاباد)ى سه‌ر به‌شاره‌دێی جه‌باره‌ (10 كیلۆمه‌تر باكوورى ڕۆژئاواى شارى كفرى له ‌گه‌رمیان) له‌ سه‌ر ڕێگاى گونده‌كه‌یان بۆسه‌یێكیان بۆ چه‌كدارانى ڕێكخراوى داعش دانا و له‌ ئه‌نجامدا چوار چه‌كداری ڕێكخراوه‌كه‌یان ده‌ستگیر كرد".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ گونده‌كه‌ هه‌ر سێ پێكهاته‌ى كورد و عه‌ره‌ب و توركمانى تێدا ده‌ژین، له‌ نێو كورده‌كاندا كارمه‌ندى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیس هه‌یه‌ و پێشتر زانیارییان هه‌بوووه‌ كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌ره‌و گونده‌كه‌یان ده‌چن، بۆیه‌ به‌ هاوكارى ژماره‌یێک چه‌كدارى عه‌شایه‌رى گونده‌كه‌ بۆسه‌یان بۆ دانان و چه‌كداره‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ بۆسه‌كه‌یانه‌وه‌ و ده‌ستگیریان كردوون.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "هه‌ر چوار چه‌كداره‌كه‌ى داعش له‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌بن و ئۆتۆمبێلێكى جۆرى (پیكاب مۆدێل 1988)یان پێی بوووه‌، پاش ده‌ستگیركردنیشیان ڕاده‌ستى ئاسایش كراون و گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئاسایشی كفرى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌".

به‌پێی زانیارییه‌كان، چوار چه‌كداره‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ بریتین له‌:

1. (م. ع) ناسراو به‌ ئه‌بو مریه‌م، دانیشتووى گوندی عومه‌رمه‌ندان له‌ شاره‌دێی قه‌ره‌ته‌په‌.

2. (و. ع. س) دانیشتووى گوندی به‌ڕییه‌ له‌ شاره‌دێی قه‌ره‌ته‌په‌.

3. دانیشتووى شاره‌دێی سلێمان بێگه‌ له‌ سنوورى خورماتوو و ناوه‌كه‌ى نه‌زانراوه‌.

4. دانیشتووى كه‌ركووكه‌ و ناوه‌كه‌ى نه‌زانراوه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ستگیرا به‌سه‌ر 3 كڵاشینكۆف و 3 پشتێنه‌ى بۆمبڕێژكراو و بۆمبێكى چێندراو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15060

Your Comment

You are replying to: .
captcha