به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئامانج عه‌بدولڕه‌زاق، لێپرسراوى كۆمیته‌ى جهبارهى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به (باس‌نیوز)ى ڕاگه‌یاند: "شه‌وى ڕابردوو ژماره‌یێک له دانیشتوانى گوندى (گڵاباد)ى سه‌ر به‌شاره‌دێی جه‌باره (10 كیلۆمه‌تر باكوورى ڕۆژئاواى شارى كفرى له گه‌رمیان) له سه‌ر ڕێگاى گونده‌كه‌یان بۆسهیێكیان بۆ چه‌كدارانى ڕێكخراوى داعش دانا و له ئه‌نجامدا چوار چه‌كداری ڕێكخراوه‌كه‌یان ده‌ستگیر كرد".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه گونده‌كه هه‌ر سێ پێكهاته‌ى كورد و عه‌ره‌ب و توركمانى تێدا ده‌ژین، له نێو كورده‌كاندا كارمه‌ندى پێشمه‌رگه و ئاسایش و پۆلیس هه‌یه و پێشتر زانیاری‌یان هه‌بوووه كه ئه‌و چه‌كدارانه به‌ره‌و گونده‌كه‌یان ده‌چن، بۆیه به هاوكارى ژماره‌یێک چه‌كدارى عه‌شایه‌رى گونده‌كه بۆسه‌یان بۆ دانان و چه‌كداره‌كان كه‌وتوونه‌ته بۆسهكهیانهوه و ده‌ستگیریان كردوون.
هه‌روه‌ها گوتیشی: "هه‌ر چوار چه‌كداره‌كه‌ى داعش له نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌بن و ئۆتۆمبێلێكى جۆرى (پیكاب مۆدێل 1988)یان پێی بوووه، پاش ده‌ستگیركردنیشیان ڕاده‌ستى ئاسایش كراون و گواستراونه‌ته‌وه بۆ ئاسایشی كفرى بۆ لێكۆڵینه‌وه".
به‌پێی زانیارییه‌كان، چوار چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كه بریتین له:
1. (م. ع) ناسراو به ئه‌بو مریه‌م، دانیشتووى گوندی عومه‌رمه‌ندان له شاره‌دێی قه‌ره‌ته‌په.
2. (و. ع. س) دانیشتووى گوندی به‌ڕییه له شاره‌دێی قه‌ره‌ته‌په.
3. دانیشتووى شاره‌دێی سلێمان بێگه له سنوورى خورماتوو و ناوه‌كه‌ى نه‌زانراوه.
4. دانیشتووى كه‌ركووكه و ناوه‌كه‌ى نه‌زانراوه.
هه‌روه‌ها ده‌ستگیرا به‌سه‌ر 3 كڵاشینكۆف و 3 پشتێنه‌ى بۆمبڕێژكراو و بۆمبێكى چێندراو.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment