بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی پێنجشەممە 31/5/2018 لە بەغدا لەگەڵ ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، مالیکی و عەللاوی، کە هەردووکیان سەرۆک وەزیرانی پێشتر و پێشووتری عێراق بوون، تاوتوێی رەوشی سیاسی و ئەمنیی و چۆنێتیی دەربازبوون لە قەیرانەکانی وڵاتەکەیان، کردووە.
هەروەک نووسینگەی راگەیاندنی مالیکی بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی هەردوو هاوپەیمانییەکە جەختیان لە پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کردووە، بەشێوەیێک، کە لەڕێی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و هاوکاریی هەموو لایەنەکان، پێک بهێندرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، مالیکی و عەللاوی بەپێویستیان زانیوە هیچ لایەنێک لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق "دوور نەخرێتەوە و پشتگوێ نەخرێت".
ئەو هەڵوێستەی مالیکی لە کاتێک دایە، کە بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردن، داوای پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی دەکرد، بەو واتایەی هەردوو پێکهاتەی سوننە و کورد پشتگوێ بخرێن.
سەرچاوە: سوومریە نیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment