به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه 29ی ئایار بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان له ته‌لاری په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی كرد له وه‌فدێكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا كه پێكهاتبوون له په‌رله‌مانتاران جاک لۆپرستی سه‌رۆكی وه‌فده‌كه و ڕۆبیرت هاڵفن سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی به‌ریتانیا و گاری كێنت په‌رله‌مانتاری پێشوو و لام ئۆڵماک و ماسیۆ دێنت.
له سه‌ره‌تای گفتوگۆكه‌دا بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان به ئاماده بوونی ژماره‌یێک په‌رله‌مانتار و ڕاوێژكار له په‌رله‌مانی كوردستان خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا و سوپاسی حكوومه‌ت و گه‌لی به‌ریتانیای كرد بۆ ئه‌و پاڵپشتییه گه‌وره‌یه‌ی له شه‌ڕی داعش پێشكه‌شی گه‌لی كورد به گشتی و پێشمه‌رگه‌یان به تایبه‌تی كرد به مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ له‌ناوبردنی گه‌وره‌ترین گرووپی تیرۆرستیی جیهانی (داعش) و هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵوێسته ڕوونه‌ی كه په‌رله‌مانی به‌ریتانیا نواندی به‌رامبه‌ر به گه‌لی كوردستان دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم.
لای خۆشیه‌وه جاک لۆپرستی ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌رز نرخاند و پاڵپشتیی په‌رله‌مانی به‌ریتانیای دووپات كرده‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها دڵخۆشی خۆی پیشان دا به‌رامبه‌ر به‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی ئایین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان كه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه و هیوای خواست درێژه‌ی پێبدرێت.
جێی باسه په‌رله‌مانتاره‌كانی نوێنه‌ری پێكهاته جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده بوون له دانیشتنه‌كه و دڵنیاییان دا له‌و پێكه‌وه‌ژیانه ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
هه‌ر له میانه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان داوای كرد لیژنه‌یێكی هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ر دوو په‌رله‌مان پێكبهێنرێت به مه‌به‌ستی پاڵپشتیی زیاتر و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان گه‌لی كوردستان و به‌ریتانیا و هه‌روه‌ها پته‌و كردنی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ر دوو په‌رله‌مان و وه‌فده‌كه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیاش پشتیوانی ئه‌و پێشنیاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد.
له كۆتاییشدا سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان قه‌ڵغانی په‌رله‌مانی كوردستانی وه‌ک ئاماژه‌ی به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندیی نێوانیان پێشكه‌شی په‌رله‌مانتارانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیای كرد.
سه‌رچاوه: PUK media
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment