ڕێککه‌وتنی ڕووسیا، ئه‌مریکا و ئوردون له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی کۆبوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی دابه‌زینی ته‌نگژه‌ی باشووری سووریا

به‌شی سووریا- نوێنه‌ری سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست باسی ڕێککه‌وتنی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئوردون ده‌کات بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی هاوپه‌یوه‌ند به‌ ناوچه‌ی دابه‌زینی ته‌نگژه‌ له‌ باشووری سووریا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، میخائیل بۆگدانۆف جێگری وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا و نوێنه‌ری سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی (سێشه‌ممه‌) بۆ هه‌واڵنێرانی ڕاگه‌یاند که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان وڵاته‌که‌ی، ئه‌مریکا و ئوردون هاوپه‌یوه‌ند به‌ ناوچه‌ی دابه‌زینی ته‌نگژه‌ له‌ باشووری سووریا هێشتاکه‌ به‌رده‌وامه‌.

بۆگدانۆف ئاماژه‌ی دایه‌ پشتیوانی موسکۆ له‌ ڕوانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی له‌گه‌ڵ واشنتۆن و عه‌مان بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی ناوچه‌ی دابه‌زینی ته‌نگژه‌ له‌ باشووری سووریا که‌ هاوسنووری ئوردون و ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانه‌ و وتی: په‌یوه‌ندییه‌ دوو لایه‌نه‌کانی ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئوردون و ئه‌مریکا درێژه‌ی هه‌یه‌ و له‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی سێ وڵاتیش ڕێککه‌وتن کراوه‌.

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا کاتێکی دیاری کراوی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئوردون و ئاستی به‌شداری کردنی ڕانه‌گه‌یاندوووه‌ و ڕوونیشی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ هه‌رچی زووتر به‌ڕێوه‌ بچێت باشتره‌ و ده‌بێ هه‌موو وڵاتان له‌ ئاستێکی گونجاودا به‌شداری بکه‌ن.

سه‌رچاوه‌: سپۆتنیک

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 14903

Your Comment

You are replying to: .
captcha