په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیی ئه‌ردۆغان و موقته‌دا سه‌در

به‌شی تورکیا- ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا په‌یوه‌ندییێكی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در سه‌رکرده‌ی ڕه‌وتی سه‌در و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی سائیروون ئه‌نجام دا كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ی عێراقدا زۆرترین کورسییه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی به‌ده‌ستهێناوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیاوه‌ ده‌ست ئاژانسی ئانادۆڵو كه‌وتوووه‌ له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا كه‌ ئێواره‌ی دوێنێ (هه‌ینی 25ی ئایار) ئه‌نجام دراوه‌ سه‌ركۆماری توركیا هیوای خواست ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی له‌ پاش سه‌ركه‌وتن به ‌سه‌ر داعش و له‌ 12ی ئایاردا له‌ عێراق ئه‌نجام درا ببێته‌ مایه‌ی خێر بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان.

له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا ئه‌ردۆغان باسی له‌وه‌ كرد كه‌ توركیا گرنگیی زۆر ده‌دات به‌ یه‌کێتی و پێكه‌وه‌یی عێراق و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ موقته‌دا سه‌در خواست له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تدا له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌دا سه‌رکۆماری تورکیا باسی له‌وه‌ كردوووه‌ كه‌ توركمانه‌كانی عێراق باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا له‌ شاری كه‌ركووک هه‌ندێک ساخته‌كاری كراوه‌ و سته‌میان لێكراوه‌ و داوای له‌ موقته‌دا سه‌در كرد پشتیوانی پێویست پێشكه‌ش بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ و چاككردنی ئه‌و ساخته‌كارییانه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا موقته‌دا سه‌در باسی له‌وه‌ كرد كه‌ مافی هه‌موو پێکهاته‌کان به‌ توركمانه‌كانیشه‌وه‌ ده‌پارێزن.

هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا و موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی سائیروون جه‌ختیان له‌سه‌ر پێداگریی زیاتر بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا- عێراق كرده‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14713

Your Comment

You are replying to: .
captcha