تۆپخانه‌كانى توركيا ناوچه‌ى برادۆست و سيده‌كان تۆپباران ده‌كه‌ن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دواى نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ تۆپخانه‌كانى توركيا ده‌ستيان به‌ تۆپباران كردنى ناوچه‌يێكى به‌رفراوان له‌ سنوورى برادۆست و ناحيه‌ى سيده‌كان كردووه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ هه‌ريه‌ک له‌ گونده‌كانى خه‌ليفان، بێگژنێ، سيران، ئاله‌كان، ليلكان، چياديل، گه‌رووى كه‌ورت، خواكورک، گه‌لى ڕه‌ش له‌ لايه‌ن تۆپخانه‌كانى توركياوه‌ به‌ چڕى تۆپباران كراوون.

توركيا به‌رده‌وام به‌ پاساوى بوونى هێزه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ خاكى هه‌رێمى كوردستان، تۆپباران و بۆمبابارانى ناوچه‌ سنوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

تا ئێستا به‌رپرسانى ئيداریی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ هيچ زانيارييێكيان له‌ باره‌ى زيانه‌ گيانى و ماڵييه‌كانه‌وه‌ ڕانه‌گه‌ياندووه‌.

پێشتر له‌ چه‌ند بۆنه‌يێكدا حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياندبوو پێويسته‌ په‌كه‌كه‌ خاكى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌نجامدانى هێرش له‌ دژى توركيا به‌كار نه‌هێنێت.

وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌فين دزه‌يى داواى له‌ هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ كردبوو خاكى هه‌رێمى كوردستان به‌كارنه‌هێنن و ئه‌وانى به‌ هۆكارى سه‌ره‌كیى چۆڵبوون و نه‌مانى ژيان له‌ گونده‌ سنوورييه‌كان تۆمه‌تبار كردبوو.

هاوكات تا ئێستا حكوومه‌تى عێراق، هيچ هه‌ڵوێستێكى له‌ دژى پێشێل كردنى سه‌روه‌ریی خاک و ئاسمانى عێراق له‌ لايه‌ن سوپاى توركياوه‌ ده‌رنه‌بڕيوه.

سەرچاوە: کوردستان 24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 14608

Your Comment

You are replying to: .
captcha