دیندار زێباری: کۆی ده‌ستگیرکراوانی داعش ٢١٢٤ به‌ندکراو بوووه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دیندار زێباری ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێ: کۆی گشتیی ده‌ستگیرکراوانی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی ٢٠١٧ه‌وه‌ تا ئێستا (٢١٢٤) به‌ندکراو بوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. دیندار زێباری ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای‌گه‌یاند: "ده‌ستگیركراوانی داعش و شێواز و چۆنیه‌تیی دادگایی کردنیان له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ زۆربه‌ی ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا باسیان لێوه‌ ده‌كرێت به ‌تایبه‌تی له‌ ڕووی مافه‌کانیانه‌وه و وه‌ک هه‌ر ده‌ستگیرکراوێک و ئه‌و مادده‌ یاسایییانه‌ی که‌ پێیان دادگایی ده‌کرێن. لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانین ئه‌وه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ وه‌ک هه‌موو ده‌ستگیركراوانی دیكه‌ به‌ یه‌كسانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و به‌پێی پره‌نسیپی تاوانبار بێتاوانن تا ئه‌و كاته‌ی تۆمه‌ته‌كه‌یان به ‌سه‌ردا ساغ ده‌بێته‌وه‌."

زێباری ده‌رباره‌ی هه‌مان پرس و چۆنیه‌تیی دادگایی کردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ گوتی: "له‌ هه‌رێمی کوردستان یاسای ژماره‌ (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ که‌ به‌ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوه‌ په‌یڕه‌و ده‌کرا و ئه‌و یاسایه‌ تا ١٦/٧/٢٠١٦ كاری پێ کرا به‌ڵام ئێستا له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ کاری تیرۆریستییه‌وه‌ گلاون کار به‌ یاسای ژماره‌ (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ی په‌رله‌مانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هه‌موارکراو ده‌کرێت."

هه‌ر کاتێک ده‌ستگیرکراوان تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی كردنیان به‌ داعش یان هاوكاری كردنی داعشیان به‌ سه‌ردا ساغ بوووه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێم مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و كه‌سوكاریشیان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كانیان و له‌ هه‌مان كاتدا هه‌موو مافێكیان هه‌یه وه‌ک سه‌ردانی كردنی كه‌سوكاریان و بوونی پارێزه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگرییان لێ بكات به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ میانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا هیچ تۆمه‌تێكیان به‌ سه‌ردا ساغ نه‌بوووه‌وه‌ ئازاد ده‌کرێن.

زێباری ده‌رباره‌ی ڕێوشوێنه‌کانی ده‌ستگیرکردنیان گوتی: "له‌و کاته‌ی که‌ داعش ده‌ستی به‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا گرتبوو ژماره‌یێکی زۆری هاووڵاتییان ئاواره‌ بوون و ڕوویان له‌ هه‌رێمی کوردستان کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و حاڵه‌ته‌دا که‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ سه‌رقاڵی به‌رگری کردن بوون جیا کردنه‌وه‌ی هاووڵاتییانی ئاسایی و ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌ کارێکی ئاسان نه‌بوو و ئاسته‌نگی زۆری بۆ پێشمه‌رگه‌ و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌کان دروست ده‌کرد بۆیه‌ چه‌ند ڕێوشوێنێکی ئه‌منی ده‌گیرایه‌به‌ر بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تیی هاووڵاتییان و خودی ئاواره‌کان و ڕێگانه‌دان به‌ دزه‌کردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتییان."

زێباری تیشکی خسته‌ سه‌ر ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستگیر کراون به‌ تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ داعش و له‌م باره‌وه‌ گوتی: له‌ دادگاى لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر له‌ ڕێکه‌وتی ١/٦/٢٠١٧ تاکوو ٢٠/٣/٢٠١٨ ده‌ستگیرکراونی داعش به‌م شێوه‌یه‌ بوون:

کۆی گشتیی ده‌ستگیرکراوانی داعش له‌و ماوه‌یه‌دا (٢١٢٤) به‌ندکراو بوووه و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا (٦٦٦) که‌سی دیکه‌ به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ ده‌ستگیر کراون و هه‌روه‌ها (٥٨٩) به‌ندکراو له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ سزا دراون و (٢٧٣) که‌س به‌ فه‌رمانی دادگا ئازاد کراون و (٥٩٦) که‌سیش تا ئێستا له‌ ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان.

له‌ ڕێکه‌وتی ١/٧/٢٠١٧ تا ١٤/٢/٢٠١٨ له‌ دادگای نه‌وجه‌وانانی هه‌ولێر (١٩٤) که‌س سزا دراون له‌وانه‌ (٢) که‌سیان ئازاد کراون و له‌لایێکی دیکه‌وه‌ له‌ ڕێکه‌وتی ١/٧/٢٠١٧ تاکوو ٣١/٣/٢٠١٨ له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر/٢ (٤٠٨) که‌یسی تایبه‌ت به‌ مادده‌ی تیرۆر یه‌کلا کراونه‌ته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی سه‌رۆکایه‌تیی دادگای نه‌وجه‌وانانی سلێمانی (٥) که‌س ده‌ستگیر کراون له‌وانه‌ (٢)یان بڕیاری دادگایان بۆ ده‌رچوووه‌ و سزا دراون و (٢)یان ئازاد کراون و یه‌کیان هێشتا که‌یسه‌که‌ی له‌ دادگا یه‌کلا نه‌بووه‌ته‌وه‌ و له‌لایێکی دیکه‌وه‌ له‌ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی دهۆک له‌ ڕێکه‌وتی ١/٦/٢٠١٧ تاکوو ٢٨/٣/٢٠١٨ ژماره‌ی ده‌ستگیرکراوانی داعش به‌م شێوه‌یه‌ بوو: (٢٧٦) که‌س ده‌ستگیر کراون که‌ (١٧٣)یان سزا دراون و (١١١) که‌سیش ئازاد کراون و که‌یسێکیش تا ئێستا له‌ دادگا یه‌کلا نه‌بووه‌ته‌وه‌.

زێباری ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو که‌ له‌ دادگاکانی که‌رکووک/گه‌رمیانیش ژماره‌یێک له‌ تۆمه‌تباران به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی کردنیان به‌ داعشه‌وه‌ ده‌ستگیر کراون و له‌م ڕوووه‌وه‌ گوتی: "به‌ پێی ئاماره‌کانی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی که‌رکووک/گه‌رمیان له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا (٢٠) که‌س ده‌ستگیر کراون و (٣) که‌س له‌ تۆمه‌تباران سزا دراون و (١٢) تۆمه‌تبار به‌ بڕیاری دادگا ئازاد کراون و (٥)یان تا ئێستا له‌ ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان. سه‌باره‌ت به‌ دادگای تاوانه‌کانی که‌رکووک/گه‌رمیان له‌ شه‌ش مانگی کۆتاییی ساڵی ٢٠١٧ تاکوو ٢٨/٣/٢٠١٨ چه‌ند که‌یسێک ئیحاله‌ی ئه‌م دادگایه‌ کراون که‌ ژماره‌یان (٦٣) که‌یس بوووه‌ له‌وانه‌ (١٧) تۆمه‌تبار له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ سزا دراون و (٢٥) تۆمه‌تبار به‌ بڕیاری دادگا ئازاد کراون و (٢١) تۆمه‌تباریش له‌ قۆناغی دادگایی کردندان و که‌یسه‌کانیان یه‌کلایی نه‌بوووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14537

Your Comment

You are replying to: .
captcha