پارتی وه‌ڵامی‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ موقته‌دا سه‌در ده‌داته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- موقته‌دا سه‌در وه‌كوو براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له ‌عێراق په‌یامێک ئاراسته‌ی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ براوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات و داوایان لێده‌كات گفتوگۆكان ده‌ست پێبكه‌ن به ‌مه‌به‌ستی‌ پێكهێنانی‌ حكوومه‌تی‌ نوێی‌ عێراق و له ‌به‌رامبه‌ریشدا پارتی وه‌ڵامی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ده‌داته‌وه و سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ش نه‌چنه‌ پێشه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌چین."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فازڵ به‌شاره‌تی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "به ‌بێ كورد ئیداره‌ی عێراق به‌ڕێوه‌ ناچێت و پێویسته‌ كار له‌گه‌ڵ كورد بكرێت و خواسته‌كانیان جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌مه‌ش هاتنه‌ پێشه‌وه‌یه ‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی نوێی عیراق، وڵاتانی زلهێزیش به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكا و ڕووسیا هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه‌ كه‌ جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ حكوومه‌تێكی حزبه‌ براوه‌كان پێكبهێندرێت."

ناوبراو وتیشی: "له ‌عێراق موقته‌دا سه‌در و له‌ هه‌رێمیش پارتی براوه‌ی یه‌كه‌من، به‌ڵام ئه‌م دوو براوه‌یه‌ ده‌بێت پێكهاته ‌و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ له‌ خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی‌ نوێ."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتی جه‌ختی‌ له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی و كۆكردنه‌وه‌ی نێو ماڵی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كرده‌وه‌ و وتی‌: "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌ نابێت به‌شداربوونمان له ‌ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق فه‌رامۆش بكه‌ین، به ‌حوكمی ئه‌وه‌ی براوه‌ی یه‌كه‌مین ناشكرێت له‌به‌ر خاتری ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌نگیان نه‌هێناوه‌ بایكۆتی پرۆسه‌ی سیاسی بكه‌ین."

فازڵ به‌شاره‌تی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در بۆ هاوپه‌یمانێتی ئاشكرای كرد "به‌ ده‌م داواكارییه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ ده‌چین و ئه‌ویش به ‌ده‌م ئێمه‌وه‌ دێت، وه‌ره‌قه‌ی فڕێ داوه‌ و ئێمه‌ش وه‌ره‌قه‌مان خستۆته‌ ڕوو به‌ پیرۆزباییه‌كه‌ی جه‌نابی مه‌سعوود بارزانی بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ش نه‌چنه‌ پێشه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌چین."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14406

Your Comment

You are replying to: .
captcha