بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاندووە، گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) و حزبەکانی ناو یەکێتی نەتەوەیی کوردی بۆ یەکخستنی هەڵوێست و قسەکانیان بەردەوامە.
ناوبراو وتیشی، ئەو گفتوگۆیانە ستراتیجین و گرنگی زۆریان هەیە بۆ داهاووی گەلەکەمان و خواستەکانمان لە یەکخستنی ماڵی ناوخۆیی.
فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک لێدوان و تۆمەتی بەرامبەر یەکتر لە ڕاگەیاندنەکان لەسەر بابەتەکان لەنێوان ئەو دوولایەنە دەبێتە هۆی دروست بوونی کەشێکی نەرێنی و ئەوەی تایبەتیشە بە لایەنی سەربازی و پێشمەرگەوە ئەوە پێشتر یەکلایی کراوەتەوە و هەر چارەسەرێکیش دەبێت لەچوارچێوەی ڕێککەوتننامەی دهۆک بێت.
کۆبانێ دەشڵێت: داوا لە برایانمان لە هەردوو لایەنی گفتوگۆ دەکەین چارەسەری کێشەکان بکەن بە هەستی بەرپرسیارێتی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و بەردەوامی دان بە لێکتێگەیشتنەکان لەسەر ئەو خاڵانەی جێگەی ناکۆکین بەشێوەی ڕووبەڕوو نەک لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە.
جەختیشی کردۆتەوە، گفتوگۆی کوردی-کوردی لە سووریا بەشێکە لە پڕۆسەیێکی گشتگیر لەناو گفتوگۆی سووری-سووری و ناتوانین لێکی جیابکەینەوە و ئێمە بەردەوامین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆسە قورسە، کە داهاتووی سووریا و گەلەکەی لەسەر وەستاوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment