بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەرێمی کوردستان لە 2014وە و پاش بڕینی بوودجەی لە لایەن دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە سەرەڕای فرۆشتنی ڕۆژانەی 600000 بەرمیل نەوتی خاو تووشی قەیرانی ئابوورییە. ئەو ناوچە خۆبەڕێوەبەرە لە باکووری عێراق کە پێش قەیرانی ئابووری، لەچاو دیکەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە پێشکەوتوو بوو ئێستا توانای پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی نییە.
قەیرانی ئابووریی هەرێمی کوردستان پاش هێرشی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و داخڵ بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی عێراقی و سووریای بۆ ئەو ناوچەیە تەشەنەی سەند. کارناسێکی ئابووری لەو بارەیەوە بە هەواڵدەریی کوردپرێسی وت کێشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی وابەستە بوونیەتی بە بوودجەی گشتی عێراقەوە کە ئەویش لە فرۆشتنی نەوت دابین دەکرێت.
ئاندروو سنو توێژەری پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکا دەڵێت گرینگترین کێشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان وابەستە بوونیەتی بە داهاتی نەوت. ناوبراو لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: «ئابووری هەرێمی کوردستان لە 2003وە بەسراوە بە بەرهەم هێنانی نەوت یا بوودجەی نێردراوی عێراق کە ئەوەش لە ڕێگای فرۆشی نەوتەوە دابین دەکرێت»
ئاندروو سنو بۆ دەرباز بوون لەو کێشەیە پێشنیار دەدات هەرێمی کوردستان ڕێگای ستراتێژیی درێژخایەن و ئەنجامی هەندێک ڕیفۆرم بگرێتە بەر.
ناوبراو هەروەها بۆ لێکدانەوەی ئەو پێشنیارە و دابەزینی وابەستەیی بە داهاتی نەوت دەڵێت: «هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ گەشەی ئابووریی خۆی سەرمایەدانەرانی ناوخۆیی و بیانی ڕابکێشێت و بەرەنگاری گەندەڵی بێتەوە و دەسەڵاتدارێتیی یاسا تۆکمە بکات و چالاکیی ئابووری پەرەپێبدات.»
ئاندروو سنو جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستانی عێراق توانای زۆری بۆ گەشە پێدانی ئابووری لە بواری تووریزم و کشتوکاڵ هەیە.
توێژەری پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکا لە کۆتاییدا وتیشی سەقامگیریی سیاسی و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ڕۆڵێکی گرینگی لە تۆکمە کردنی بنەمای ئابووریی ئەو ناوچەدا هەیە و دانووستان لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی چارەسەریی هەمیشەیی کێشەکانی نەوت متمانەیێکی زیاتر بۆ سەرمایەدانەران فەراهەم دەکات. هەروها هەنگاو هەڵگرتن بەرەو دیموکراسی پاشهاتی ئەرێنی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment