به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، گورتکین تیرپانجی سه‌رۆکی حیزبی لیبراڵ دیموکراتی تورکیا له لێدوانێکدا ئاماژه‌ی دایه دۆخی زیندانه‌که‌ی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، پالێوراوی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماریی 24ی جوونی 2018 و وتی: هه‌لومه‌رجی ڕکابه‌ریی هه‌ڵبژاردن ده‌بێ بۆ هه‌موو حیزبه‌کانی به‌شداربوو له هه‌ڵبژاردن یه‌کسان بێت. هه‌زاران که‌س له زیندانه‌کانی تورکیادان که هێشتاکه داوای سزای ئه‌وان ئاماده نه‌کراوه و بڕیاری یه‌کلایی بۆ ئه‌وان ده‌رنه‌کراوه. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه ئه‌و مافه‌یان بۆ به‌شداری له بواری هه‌ڵبژاردن وه‌ده‌ست هێناوه ده‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی زیندان له دۆخێکی یه‌کساندا پێکه‌وه ڕکابه‌ری بکه‌ن. بۆ به‌دیهاتنی ئه‌و بابه‌ته‌ش ده‌بێ هه‌ر کارێک له ده‌ستمان دێت ئه‌نجامی بده‌ین. دیداری موحه‌ڕه‌م ئینجه پالێوراوی پارتی کۆماریخوازی تورکیا له‌گه‌ڵ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش له زیندان گرینگی زۆری هه‌بوو.
ناوبراو له درێژه‌دا ڕوونیشی کرده‌وه: ده‌میرتاش ده‌بێ ئازاد بکرێت. له حاڵێکدا که پالێوراوی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار به به‌کارهێنانی هه‌موو ئیمکاناتی ده‌وڵه‌تی خه‌ریکه بۆ هه‌ڵبژاردن خۆی ئاماده ده‌کات، ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانه‌وێت له‌و بواره‌دا به‌ره‌نگاری هه‌موو دژوارهییهکان ببنه‌وه، لانی که‌م ده‌بێ ئازاد بکرێن و به‌رنامه‌یێکی ئازادانه‌یان بۆ خۆیان بێت. ئه‌و بابه‌ته بۆ دیموکراسییێکی ته‌ندروست گرینگی زۆری هه‌یه.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment