یه‌كێتی سكاڵای‌ یاسایی له‌سه‌ر لایه‌نه‌كان و میدیای‌ پارتی‌ تۆمار ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دوای‌ تۆمه‌تبار كردنی‌ یه‌كێتی به‌ ساخته‌كاری و هاک كردنی‌ سیسته‌می‌ ئه‌لیكترۆنی‌ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌كێتیش به ‌فه‌رمی‌ سكاڵای‌ یاسایی تۆمار ده‌كات و وته‌بێژی‌ ئه‌و حزبه‌ش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "میدیاكانی‌ پارتی و ئه‌وانه‌ش‌ بۆ پارتی‌ كار ده‌كه‌ن، به‌ئه‌نقه‌ست و به‌ بێ‌ به‌ڵگه‌ چه‌ندین تۆمه‌تیان بۆ یه‌كێتی دروست كردوووه ‌و ئێمه‌ش بێده‌نگ نابین".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شه‌وی‌ ڕابردوو دوای‌ كۆتایی هاتنی‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان و ئه‌نجامه‌ نافه‌رمییه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان یه‌كێتییان تۆمه‌تبار كرد به ‌ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كاری و هاک كردنی‌ سیسته‌می‌ ئه‌لیكترۆنی‌ ده‌نگدانه‌كه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی فه‌رمیی یه‌كێتی به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "جارێ‌ یه‌كه‌م به‌هه‌ڵه‌داچوونی‌ ئه‌نجامی‌ پێشبینی‌كراوی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌یه‌ كه‌ پێیان وابوو یه‌كێتی‌ كۆتایی هات و خه‌ریكن میراته‌كه‌ی‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن".

ناوبراو وتیشی‌: "به‌ ته‌ئكید پرسی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویستی‌ به ‌لێكۆڵینه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک ته‌نها له‌ سلێمانی‌ و که‌رکووک به‌ڵكوو له ‌سه‌رجه‌م كوردستان، ناشزانین بۆچی‌ پارتی‌ بۆ كه‌ركووک فرمێسكی‌ تیمساحی‌ ده‌ڕێژێت له ‌كاتێكدا تاكه‌ كاندیدێكیشی‌ نییه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ش پێمانوایه‌ ئه‌گه‌ر وردبینی‌ بكرێته‌وه‌ ده‌بێت له‌ هه‌ولێر و مووسڵ و كه‌مپی‌ ئاواره‌كان بێت".

وته‌بێژی‌ یه‌كێتی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد "ده‌بێت وردبینییه‌كه‌ به‌ تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ بكرێت كه‌ هێزی‌ ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ داخڵی‌ كه‌مپه‌كان بوون، ئێمه‌ به ‌هیچ شێوه‌یێک نیگه‌ران نین كه‌ وردبینییه‌كه‌ له‌ سلێمانی‌ و که‌رکووک بكرێت به‌ڵام ناكرێت به ‌پڕوپاگه‌نده‌ی‌ ژماره‌یێک كه‌ناڵی‌ نزیک له ‌پارتی‌ دۆخێک دروست بكرێت كه‌ گوایه‌ هه‌موو دونیا شامی‌ شه‌ریفه‌ ته‌نها له‌و جێگایانه‌ نه‌بێت كه ‌له‌ ژێر ده‌ستی‌ یه‌كێتیدایه‌."

سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌ سه‌باره‌ت به‌ تۆمار كردنی‌ سكاڵای‌ یاسایییش له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌ن و ڕاگه‌یاندنانه‌ی‌ ته‌شهیر و ناوزڕاندنیان به‌رامبه‌ر به ‌یه‌كێتی‌ كردوووه‌ وتی‌: "یه‌كێتی‌ سكاڵای‌ یاسایی تۆمار كردوووه‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌ن و میدیایانه‌ی‌ ته‌شهیریان به ‌یه‌كێتی كردوووه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14162

Your Comment

You are replying to: .
captcha