ئەمڕۆ شەممە لە سەعات ٧ی بەیانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق دەستی پێكرد و بڕیارە پـرۆسەی دەنگدانەكە هەتا 6 ی ئێوارە بەردەوام بێت بەپـێی ئەو بەرنامەیەی پـێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەستنیشانی كردووە.
سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە میانەی وتووێژێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتی: بەشێوەیێكی گشتی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی لەسەرتاسەری عێراق بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام گرفتی سەرەكی ئەمڕۆ، كە هەبوو نەزانینی بەكارهێنانی ئامێرەكانی دەنگدان بوو، یاخود لە كاركەوتنیان بوو، بەڵام جگە لەدانانی ڕێژەیێكی زۆری زیادەی ئەو ئامێرانە لەبنكەكان، هەروەها تیمەكانیشمان دەگەڕێن بەسەر بنكەكانی دەنگدان بۆ چاككردنەوەی ئەو كێشانە.
ئەم لێدوانەی سەعید كاكەیی لەدوای تێپەڕبوونی ٧ كاتژمێر بەسەر دەسپێكردنی پڕۆسەی دەنگدان دێت، كە تائێستاش بەوتەی خۆی كێشەكە بەردەوامە، سەبارەت بەوەی ئایا كۆمسیۆن بڕیاری درێژكردنەوەی وادەی دەنگدان دەدات، كاكەیی وتی: "نەخێر چونكە ئەو ئامێرانە بەشێوەیێک كار دەكەن، كە ئۆتۆماتیكی خۆیان لەكاتژمێر ٦ی ئێوارە دەكوژێنەوە و ئێمە ناتوانین ماوەی دەنگدان درێژ بكەینەوە".
سەبارەت بە تۆماركردنی پێشێلكاری ،سەعید كاكەیی وتی: "دوای داخستنی بنكەكانی دەنگدان بە ئێمە دەگات، بەڵام لە دەنگدانی تایبەت ١٢٨ سكاڵا لە سەرتاسەری عێراق تۆمار كراوە، سلێمانی بەپلەی یەكەم دێت لە سەرتاسەری عێراق لەتۆماركردنی سكاڵادا، كە ٤٣ سكاڵای پێشێلكاری لێتۆمار كراوە، دوای ئەویش شاری دهۆك كە ١٥سكاڵای لێ تۆماركراوە.".
Your Comment