کوردپرێس- ئاراس جیهانگیر، كارگێڕی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی، بە SNNی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، بەهەمان شێوەی كارەكانی پێشتری، پارتی دووبارە دەستی بەساختەكاریی كردەوە، ئەو هێزەی بۆ دژایەتی ڕۆژئاوای كوردستان بەناوی (لەشكری رۆژ) لە هاووڵاتییانی سووریا دروستیكردبوو، بەشداریی پێكردوون بۆ دەنگدان بەبێ ئەوەی هیچ یاسایێک ڕێگەی بەشداریكردنیان پێبدات و خاوەنی ناسنامەو ڕەگەزنامەی ڕاستەقینەی عیراقی بن.
ئەو بەپرسەی یەكێتی ئاشكراشی كرد، پارتی لەڕێگەی كۆستەرەوە چەكدارانی ئەنەكەسە ناسراو بە (لەشكری ڕۆژ) كە ژمارەیان نزیكەی 8 هەزار چەكدار دەبێت، بەسەر بنكەكانی دەنگدان دابەشیانكردو بە ناسنامەی ساختەی عیراقییەوە دەنگ دەدەن.
ئاراس جیهانگیر نەیشاردەوە كە هیوایان وابوو لەڕێگەی سیستمی نوێی كۆمسیۆنەوە، ڕێگری لەساختەكاری بكرێت و ئاشكراشیكرد: پارتی لەدوای ئیفلاسبوونی سیاسی، بەهەمانشێوە پەلەقاژەی كەمبونەوەی دەنگەكانیەتی، بۆیە وەك پیشەی هەمیشەیی پەنای بۆ ساختەكاری بردووە بۆ زیادكردنی دەنگەكانی.
بەرپرسەكەی یەكێتی، جەختی لەوەشكردەوە، پارتی بەو رێگە نایاساییانە، ناتوانێ ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕێت، چونكە خەڵكی كوردستان بەگشتی و ناوچەی بادینان بەتایبەتی، بڕیاریانداوە تۆڵە لەو حزبە بكەنەوە لەبەرامبەر كارەكانی ڕابردوویان و ئەو كێشانەی بۆ میللەتی كورد دروستیان كردوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment