ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکانی 16ی ئاکتەوبر هەڵەی سیاسی بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کاندیدی ڕەوتی نوێی سیاسیی تازە دامەزراوی "نەوەی نوێ" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک جەخت دەکاتەوە کە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەبەخۆیی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکانی 16ی ئاکتەوبر و چۆڵ کردنی کەرکووک لە لایەن کوردەکانەوە هەڵەی سیاسی بوو و ڕەوتی سیاسی نەوەی نوێ بۆ پاساوی ئەو هەڵەیە هەوڵ دەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەوتی سیاسیی "نەوەی نوێ" بە سەرۆکایەتیی "شاسوار عەبدولواحد" پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دامەزرا.

شاسوار عەبدولواحد سەرۆکی ئەو ڕەوتە سیاسییە نوێیە لە ڕەخنەگرانی جیدیی حکوومەت و حیزبە کاربەدەستەکانی هەرێمی کوردستانە و لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمیشدا کەمپینی دژبەرانی ڕیفراندۆمی وەڕێ خست و داوای لە خەڵکی هەرێم کرد دەنگی "نا" بەو ڕیفراندۆمە بدەن و وتی ئەو هەوڵە هەڵەی سیاسییە و دژی بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمە. پاش ڕیفراندۆمیش ڕەوتی سیاسیی نەوەی نوێی بە ئامانجی بەشداری کردن لە چوارەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق پێکهێنا.

ئەو هەڵبژاردنە لە 22ی گوڵان/ 12ی مەی بەڕێوە دەچێت و هەواڵنێری نێردراوی کوردپرێس بۆ شاری کەرکووک لەگەڵ کاوە غەفوور لە بەربژێرانی نەوەی نوێ لەبارەی بەرنامەکانی نەوەی نوێ و دۆخی کوردەکان لە کەرکووک لە هەڵبژاردنەکاندا، گفتوگۆیێکی ئەنجام داوە.

کوردپرێس: بەرنامەی ستراتێژیکی نەوەی نوێیە چییە؟

کاوە غەفوور: ئێمە وەکوو نەوەی نوێ لە کەرکووک بەرنامەیێکی تایبەتمان هەیە، برۆشۆر چاپ کراوە بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و تورکمانی و ڕۆژانە دابەشی دەکەین بەسەر هەر سێ نەتەوەکەدا و بەڕاستی ئێمە چەندها بەرنامەمان هەیە، چەند خاڵێکی گرنگی ئەو بەرنامەیە ئەوەیە کە ئێمە پێکەوە ژیانمان دەوێت، شەڕ و ئاشووبمان ناوێت پێکەوە ژیانمان دەوێت لە بەینی هەموو نەتەوەکاندا، ئێمە بڕوامان ئەوەیە ئەم پێکەوە ژیانە چۆن دروست دەبێت؟ داهاتمان دەوێت. ئەو نەوەتە ئەو زێڕە ڕەشە کە هەمانە داهات و سامانێکی سروشتیی زۆر گرانبەهایە ئێمە دەتوانین ئەوە بکەینە فاکتەرێکی موشتەرەک بۆ هەموو نەتەوەکان ببێتە مایەی خوشگوزەرانی، ئەوەش چی ئەوەێ؟ عەقڵی ئەوێت و ئیدارەی دەوێت. ئیدارەیێکی عادل، ئێمە یەکەم ستراتێژیمان ئەوەیە کە ئەو نەوتە بە شێوەیێکی دادپەروەرانە دابەش بکەین و بەکاری بێنین و بیکەینە ستراتێجی. بۆ نەوەی نوێ دروست کردنی کارگە زۆر گرینگە و پڕۆژەی زەبەلاح دروست بکەین بۆ شاری کەرکووک و پارێزگای کەرکووک بە عام؛ ئەمە یەکەم ئیشی ئێمەیە.

کوردپرێس: بۆچی کوردەکان لە شاری کەرکووکدا یەک لیستی یەکگرتوویان نییە بۆ ئەوەی کە بەشدار بن و بتوانن کورسی زۆرتر بەدەست بێنن لە پەرلەمان؟

کاوە غەفوور: لیستی نەوەی نوێ ئەوەی ناوێت یەعنی نایەوێت دیفاع بکات لە قەومیەتی خۆی، ئێمە ئەمانەوێت هەموومان تێکەڵ بین و برایەتی دروست بکەین، بەگشتی ڕەنگە ئەم کارە ئێستا ئەوەی پێویست بوو کە پێکەوە بین بەڵام خۆت دەزانی هەر حیزبێک و بەرنامەی خۆی هەیە، هەموو حیزبەکان کادیری خۆیان هەیە، لەبەر ئەوەی کە کادیرەکان لێیان زیز نەبن لە ڕاستیدا و کادیری زۆریشیان هەیە یەعنی 24 کاندید هەیە بۆ کەرکووک، ئینجا ئەگەر ئەو هەموو حیزبە لە ڕاستیدا یەک بگرێت، کێشە ئەبێت، کێشەکە چییە؟ ئەوانەی وا ساڵانی ڕابردوو کورسیی زۆریان هێناوە لە سەر ئەوە بەرنامەکە دائەڕێژن، ئەمەکانی تریش قبووڵیان نییە، بۆیە من ئەیگەڕێنمەوە بۆ ئەوە. لە لایێکی تریشەوە زۆر ئاساییە کە ئازادانە خەڵکێکی زۆر بەشدار بێت، خەڵکی پرۆفشناڵ هەیە خەڵکی دڵسۆز هەیە کە پەراوێز خراوە قەی چیدەکات ئێستا با بەشدار بێت، با خەڵک بیناسێت لە ڕاستیدا، ئێستا هەندێک کەس هەیە پشت گوێ خراوە بەڵام لە لیستی تازە هەیە، حیزبەکانی تر دەڵێن ئێمە نەمانناسیون، ئەی بۆ لە پێشەوە نەتانناسیون؟ بۆیە ئێمە حەز دەکەین کراوە بێت با هەر حیزبێک بۆ خۆی بەشدار بێت.

کوردپرێس: دوای 16ی ئاکتەوبر هەندێک دڵەڕاوکێی سیاسی لە ناو کورد دروست بووە، بەتایبەت ئەو کوردانەی سەر بە ئەحزابی دیکە بوونە کە لە پڕۆسەی سیاسیدا پشت گوێ دەخرێن، ئێوە چ بەرنامەیێکتان هەیە لە پڕۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراق؟ بەتایبەت لە شاری کەرکووک کە شارێکی چەند نەتەوەییە؟

کاوە غەفوور: بەداخەوە 16ی ئەکتەوبر هەڵەیێکی سیاسی بوو یەعنی ئەو ڕووداوانە لە دوای هەڵەیێکی سیاسی هاتووە. ئەگەر باسی ئەوەت بۆ بکەم بۆ هەڵەکە سیاسییە چوونکە کەرکووک دەبێت بە وریاییەوە دەسی بۆ بەریت یەعنی کێشەکانی کەرکووک زۆر حەساسە ئەبێت زۆر بیری لێبکەیتەوە ئەنجا دەسی بۆ بەری، بەڵام ئەوەی بوو بە هۆی 16ی ئاکتەوبر هەڵەیێکی سیاسی بوو کە بە بۆنەی گوێ نەدان بە ڕای بەرانبەر و مەوقووفی بەرانبەر کار کرا بۆیە 16ی ئاکتەوبر ڕووی داوە، کاری ئێمە ئەوەیە کە ئەوە چاک بکەینەوە، ئەو هەڵەیە چاک بکەینەوە و بە لایەن و قەومەکانی تریش بڵێین ئێمە شتێکی تازەین و کورد هەمووی حیساب نییە لەسەر هەڵەکانی ئەو ئەحزابانەی کە حوکمیان کردووە. ئێمە ئەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم دەنگدانەوە کە بە گرینگی دەزانین و بە هەموو تاکێکی کوردیش و بە خۆمیش دەڵێین دەنگ بدە، چوونکە باڵانسەکە گۆڕاوە بۆ نموونە هێزی کوردی لێرە نەماوە و هێزی عێراقی و ئیتیحادی لێرەیە، عەرەبەکان هەست دەکەن ئەمە فورسەتێکە بۆ ئەوان کە دەستی خۆیان بوەشێنن و ئیسباتی بکەن کە خۆیان زۆرینەن و ساڵانی ڕابردوو تەزویرات کراوە؛ هەبووە! تەزویراتیش هەبووە لە هەموو لایێکەوە بەڵام ئێمە ئەڵێین با هەموومان دەنگ بدەین، بە دەنگدان ئێمە دەتوانین مافەکانمان بەدەست بێنینەوە و دەنگدان حاڵەتی ئینتیخابییە بە ڕاستی مافێکە کە دەتوانین لە ڕێگەی دەنگدانەوە کێشەکان چارەسەر بکەین ئەوەیش ڕوویداوە هەوڵ بدەین بە شێوەیێکی ڕاستەوخۆ و کراوە لە بنەڕەت چارەسەری بکەین.

کوردپرێس: نەبوونی هێزی پێشمەرگە و چوونەدەرەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەو دەنگۆیانەی کە هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئێوە چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا هێزی پێشمەرگە و هێزی کوردی دەبێت لە کەرکووک ببن یان نا؟ ڕای ئێوە چییە؟

کاوە غەفوور: ئێمە پلانمان هەیە بۆ ناوچەی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان؛ یەکێک لە پلانەکان ئەوەیە کە دەبێت هێزێک دروست بێت لە هەموو پێکهاتەکان و من وەکوو خۆم و وەک لیستی نەوەی نوێ جەخت لەسەر ئەوە دەکەین کە هێزەکە زۆرینەی کورد بێت چوونکە پێشمەرگە دیفاعی لە کەرکووک کردووە دژی داعش. ئێوە ئەگەر چووێتن بۆ شارەکانی تر ئێستاش تکریت هەر وێرانیی پێوە دیارە مووسڵ هەر وێرانیی پێوە دیارە لە دوای سێ ساڵیش. کەرکووک لە خودا بە زیاد بێت پێشمەرگە و ئاسایش پاراستوویەتی، دەبێت تورکمان و عەربیش ئەوە بزانن یەعنی پێشمەرگە یاریی عەرەبەکانیشی داوە بۆیە ئەو پێشمەرگانەی لە کەرکووک بوون ئەوانە دیفاعیان کردووە و قوربانی دراوە لە ڕاستیدا، بۆیە پێویست دەکات هێزێک دروست بێت لە هەموو پێکهاتەکان تورکمان، عەرەب و کورد بەڵام من پێم وایە دەبێت هێزی پێشمەرگە زۆرینە بێت، دوای ئەوەش دەتوانین ساڵ بە ساڵ باڵانسەکە بگۆڕین یەعنی لەسەر دەنگدانی پارێزگار بێت، ئەنجومەنی پارێزگار بێت.

کوردپرێس: پێوەندیتان لەگەڵ ئەحزابی دیکە عەرەبی سوننە بەتایبەت و لەگەڵ بەرەی تورکمانی چۆنە؟ وەکوو ڕکابەر دەیبینن؟ یا چ پێوەندییەکتان هەیە؟

کاوە غەفوور: ئێمە وەک لیستی نەوەی نوێ ئیستراتێژیی خۆمان هەیە، ڕاستە کە نەوەی نوێ لە سلێمانی دروست بووە بەڵام ئێستا لە چواردە پارێزگا هەیە، حەزمان دەکرد یەعنی تورکمانێکی تیایە، حەزمان دەکرد عەرەبیشی تیا بوایا، وا بزانم دوو عەرەبیشی تێهات و دوایی کشانەوە. ڕاستی بەرەی تورکمانی و لایەنی عەرەبییەکەش، خەڵکی ئەوانیش لێیان بێزارن، خەڵکی بێتاقەت بووە بێزار بووە، ڕەنگە خەڵکی ئەوانیش یەعنی تورکمان و عەرەب خەڵکێکی دیکە هەڵبژێرن نەک لەوان، یەعنی لایەنی قەومی لابەرن و ئێمەش پەیامەکەمان بۆ هەموو ئەوان کە بە ڕاستی پێوەندیی ڕاستەوخۆمان لەگەڵیان نییە ئەوەیە کە ئێمە حیزبێکی تازەین، هێشتا مەقەڕ و تەنزیماتمان لێرە نییە. بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە خوا بەزیاد بێت پێشوازییێکی زۆر لە لایەن خەڵکی کەرکووکەوە لە ئێمە ئەکرێت و تەنانەت عەرەبەکا دەڵێن «نحن ماذا یرید؟» یەعنی ئێمە چیمان دەوێت؟ دەمانەوێت بژین. شەڕ بەسە.

کوردپرێس: پێش بینیی ئێوە چەند کورسییە بۆ خۆتان؟

کاوە غەفوور: ئێمە، ئەوەی من گەڕاوم لە ناو خەڵک چوونکە من لە ناو خەڵک ئەگەڕێم! بەخەڵک دەڵێم بە قەناعەتی خۆت دەنگ بدە. ئەوەی کە من دەیبینم لە ناوچە کوردییەکان نەک ناوچە عەرەبییەکان ڕاستییەکەی، پلانمان هەیە بچین بۆ ناوچە عەرەبییەکان و بە عەرەبی پێیان بڵێین پێمان دەنگ بدەن؛ پێش بینیی ئیمە لە 2 کورسی کەمتر نییە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13875

Your Comment

You are replying to: .
captcha