هەواڵنێری نێردراوی کوردپرێس بۆ سلێمانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاوا کەشی سیاسیی سەروبەندی هەڵبژاردن وەسف دەکات. ئێرە کوردستانی عێراقە هاووڵاتییانی کورد لێرە بە زمانی نوکتە و تانەی سیاسی ڕکابەریی حیزبەکان لە هەڵبژادرندا بە شەڕە پەڕۆ ناودەبەن "مەبەست ڕکابەریی ئاڵا و هێمای حیزبەکانە" ئەوە جێگای سەرنج و جێگای داخیشە چوونکە وەزعی پەرێشانی خەڵکی هەرێم دەنەخشێنێت کە تووڕەن لە ئاڵا و هێمای بێ کرداری حیزبەکان.
لێرە لە سلێمانی حیزب لای هاووڵاتییان ڕەنگ و چێژێکی دیکەی هەیە لێرە خەڵک لە حیزبدا توانەتەوە تەنانەت ئاو خواردنەوە و ڕێگا ڕۆیشتنی خەڵکیش بووەتە حیزبی زۆرینەی ئێمە تەنانەت زۆرینەی چاودێرانی سیاسیش پێیان وابوو بێت جەماوەری هەرێمی کوردستان پاش گیانەڵای ڕیفراندۆم و ئەو شکستە سیاسییەی کورد لە بەرامبەر بەغدا هێنای چیتر لە حیزبی کوردی یاس بووبن بەڵام نەخێر وادیارە خەڵکی سەرڕای بێ ئەخلاقی و گەندەڵیی ئێستای ناوچەکە ناتوانن بەرامبەر بە خۆیان وداهاتوویان خەمسارد بن. بە وتەی "هێمن" کە شۆفێری تەکسیە خەڵک ئەگەر تەنها لە بەر ڕکابەریی حیزبیش بووبێت ڕێگە نادەن حیزبی بەرانبەریان سەرکەوێت. بەبێ گومان دەچنە سەر سندووق و دەنگ دەدەن. ئەڵبەت نازانم ئەو وتەیەی هێمن چەندە ڕاست بێت بەڵام هەمان کەشی حەماسی و ئەو جم و جووڵەی لە شەقامەکانی سلێمانیدا دەیبینم و ئەو کەرنەڤاڵ و کەمپێنانەی بۆ هەڵبژادرن دەکرێن بە منی دەسەلمێنێت کە شکست هێنان لە ساحەی سیاسیدا لای ئەو خەڵکە بێ مانایە و ئەو شۆفێری تەکسیەش وەکوو هەموو کوردێکی تر «سیاسەتزان» لە دایک بووە بەڵام ڕەنگی زەرد و سەوز و سپی و شین و نارنجی و لە هەندێک حاڵەتیشدا تێکەڵ بوونی ئەو ڕەنگانە مانایێکم پێ دەدات.."تینوویەتی بۆ دەسەڵات".
بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە لە هەرێمی کوردستان کام حیزب زیاترین کورسیی پەرلەمانی عێراق دەباتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی ئەساسی و ڕیشەییە. ماوەیێک لەوەوپێش بوو کە خەڵکی لە حیزب و حیزبایەتی کردن وەڕەز بووبوون بەڵام دیسان وادەردەکەوێت سیاسەت لە ژیانی کورد جیا ناکرێتەوە و سەرەڕڕای هەموو ئەو چەڵەمە و چەرمەەسەرییەی تووشی هاتون مەحکوومن بەوەی درێژەی پێبدەن. نەخوازەڵا لە هەوراز و نشێوی سیاسەتدا ئەو هەمووە تامی تاڵی شکستیان چێشتووە.
"محەمەد" لە سەر کورسییێکی باخچەی گشتی دانیشتووە و پێدەچێت جمهووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت محەمەد پێم دەڵێت بێ گومان ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای سلێمانی گۆڕانی بەسەردا دێت ئێستاکە سلێمانی لە پەڕلەمانی عێراق خاوەن 18 کورسییە بەم شێوازە: یەکێتیی 5 کورسی، گۆڕان 7 کورسی، یەکگرتوو 2 کورسی، پارتی 2 کورسی و کۆمەڵی ئیسلامیش 2 کورسی. محەمەد دەڵێت دنیای پاش ڕیفراندۆم گۆڕاوە و هاووڵاتییان چیتر هەرگیز "هەڵە" و "خەیات"ی پاش ڕیفراندۆم لە بیر ناکەن.
سەبارەت بە ڕەوتی بەرەی نوێ پرسیار لە محەمەد دەکەم ئاوا وەڵامم دەداتەوە: "نەوەی نوێ" سەرمایە و پارەی زۆری تەرخان کردووە. "شاسوار عەبدولواحید" وەکوو بازرگانێک بە ڕەنگ و پارە دەنگی بەشێک لە هاووڵاتییان بەرەو خۆی ڕابکێشێت. ڕەنگە بتوانێت یەک دوو کورسی بهێنێت بەڵام هێشتاکە حیزبەکەی ئەو گڕ و تینەی تێدا نییە.
"محەمەد" باسی حیزبەکەی دوکتور بەرهەمیشی کرد کە ئێستا ڕکابەرێکی سەرەکیی یەکێتییە و تا دوێنێ خۆی جێگری دووهەمی خوالێخۆش بوو مام جەلال بوو و هەموو فەرمان و کارەکانی یەکێتی لە فلتەری ئەوەوە تێدەپەڕی و ئەمڕۆکە هاوڕێکانی دوێنێی بە گەندەڵ دەزانێت.
محەمەد دەڵێت: من وای بۆ دەچم حیزبەکەی دوکتور بەرهەم لە سلێمانی دوو یان سێ کوردسی بهێنێت بەڵام بەوەشەوە توانایێکی ئەوتۆی لە بەرانبەر گۆڕاندا نییە.
لەم سەر مەیدانەوە بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوازێکی بەرچاو بەهێزتر لە حیزبەکانی دیکە خۆ دەبینێتەوە و پاش شکستی ڕیفراندۆم ورەی ئەو حیزبە زیاتر بووە و وای کردووە ئێستا کێبەرکێکەی لە ڕکابەرەکەی خۆی (یەکێتی) بردۆتەوە و پێدەچێت ژمارەی کورسییەکانی لە پێشووتریش زیاتر بێت. بەڕای من و بەو نیشانانەی لە بانگەشەکەدا دەردەکەوێت گۆڕان کورسیی زیاتر دەهێنێت.
ڕەنگە خوێنەرانی ئەم ڕاپۆرتە ئەوپرسیارە بکەن کە بۆچی دەڵێم گۆڕان بەختی زیاترە. وەڵامم ئەمەیە کە گۆڕان قسەی بێ توێکڵ دەکات. بەرانبەر بە حیزبە ڕکابەرەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان قسەی سوورە. هەر ئەوەش وای کردووە فەرهەنگی سیاسیی سلێمانی لە باری مەعنەویاتەوە هەست بە نزیکیی زیاتر لەو حیزبە بکات و لایەنی ناڕازی و ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەی پەراوێز خراون ڕوو لە گۆڕان بکەن. هەڵبەت ئەوەشی لەگەڵ بێت کە ڕەفتاری حیزبی و هەگبەی دادوەرانەی گۆڕان و بەکارهێنانی کەسایەتیی لێهاتوو و گەنج و نەناسراوی هەرێم بەختی گۆڕانی زیاتر کردووە.
لە لایێکی دیکەشەوە یەکێتی دەبینرێت. پەیکەری یەکێتی لە ململانێی دەسەڵات و لێکترازانی ئەندامەکانی زەبری قورسی لێکەوتووە. ناکرێت بەراوردێک تەواو بۆ ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی لە سلێمانی بکەین. بەڵام بە ڕای من بە ئاوڕدانەوە لە لێکەوتەی ڕیفراندۆم و 16ی ئەکتەوبر لە کەرکووک، یەکێتی بەروڕووی کێشەی جیدی بۆتەوە و مەترسیی دابەزینی ژمارەی کورسییەکانی وێنا دەکرێت. هەڵبەت لە بیری نەکەین ئەو حیزبە ئێستاش خاوەن پارە و چەکە و هەوڵ دەدات بە یاوەریی ڕکابەر و شەریکە کۆنەکەی خۆی نەهێڵێت باڵانسی دەسەڵات لە هەرێمدا بدۆڕێنێت و بە هاوکاری کردنی ستراتێژییانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کورسییەکانی بپارێزێت. ئەگەرچی بێ هێز بوونی یەکێتی ڕەنگە بە حەزی پارتیش بێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment