ڕووسیا و ئەمریکا وەکوو هاووڵاتیی پلە دوو چاو لە کورد دەکەن

بەشی جیهان- نیکۆلاس هراس، لیکۆڵەری ناوەندی ئەمەریکەن سکیۆریتی دەڵێت ئەمریکا و ڕووسیا تا ئەو کاتەی کە کورد وڵاتی سەربەخۆی نەبێت وەکوو هاووڵاتیی پلە دوو چاویان لێ دەکەن. ناوبراو لەو باوڕەدایە ئاگربڕی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ پەکەکە و هەروەها هەڕەشە بۆ سەر کوردەکانی سووریا لە لایەن تورکیاوە بەسراوە بە خواستی ئەردۆغانەوە.

هەواڵدەریی کوردپرێس بەمەبەستی تاوتوێی پرسی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکدانەوەی ئەو پرسە لە لایەن شرۆڤەکارنی ڕۆژئاواییەوە چەند دیمانەی لەگەڵ کارناسان و ناوەندە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا ئەنجام داوە. هەواڵدەریی کوردپرێس ئەمجارەیان لەگەڵ نیکۆلاس هراس شرۆڤەکاری پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە نزیکەوە پرسی کورد چاودێری دەکات گفتوگۆیێکی لەبارەی پرسی کوردەکان لە تورکیا و سووریا ئەنجام داوە. ناوبراو لەو باوڕەدایە تا ئەو کاتەی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستاکەی تورکیا کە پێی خۆشە خۆی بەهێز نیشان بدات لە سەر باوڕی ئێستای خۆی بێت پرسی کورد لە تورکیا گۆڕانکاریی بەسەردا نایێت و ئاگربڕ جارێکی دیکە لە نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا دروست نابێت. نیکۆلاس هراس دەڵێت وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەلسوکەوتیاندا لەگەڵ تورکیا، عێراق و سووریا گرنگایەتییێکی زۆر بە کوردەکان نادەن و وەکوو هاووڵاتیی پلە دوو چاویان لێدەکەن. بە بڕوای نیکۆلاس گۆڕانکاری لە ڕوانگەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە کوردەکان کاتێک ڕوو دەدات کە کورد وڵاتێکی سەربەخۆی ببێت.

دەقی دیمانەی کوردپرێس لەگەڵ نیکۆلاس هراس:

کوردپرێس: شەڕی نێوان دەوڵەتی و تورکیا و پەکەکە لە سەروبەندی هەڵبژادرنەکانی ئەو وڵاتەدا چۆن دەبێت؟

نیکۆلاس هراس: ئەردۆغان لە سەروبەندی هەڵبژادرنەکاندا پێویستی بەو شەڕەیە تا خۆی وەکوو پیاوێکی بەهێر لە بواری ئەمنییەتی نیشتمانیدا پیشان بدات. شەڕی پەکەکە بوەتە باشترین ئامێر بۆ ئەردۆغان تا بە خەڵکی تورکیا بڵێت کە پیاوێکە کە تورکەکان پێوێستیان پێیە. جیاوازیی شەڕ لەگەڵ پەکەکە ئەمجارەیان ئەوەیە کە ئەردۆغان لەگەڵ کوردەکانی سووریاشدا شەڕ دەکات و دەڵێت ئەوانیش پەکەکە-ن تاکوو پێداویستییە سیاسییەکانی دابین بکات. کوردەکانی سووریا دەبێت ئەوەی کە بەسەر کوردەکانی عەفریندا هات بیچێژن تا پاوانخوازیی سیاسیی ئەردۆغان کۆتایی پێبێت.

کوردپرێس: هەم پەکەکە و هەم دەوڵەتی تورکیا ئیدیعا دەکەن کە لەم شەڕەدا یەکتریان لاواز کردۆتەوە ئێوە ئەو ئیدیعایە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

نیکۆلای هراس: ئیدیعاکەی تورکیا لە ئیدیعاکەی پەکەکە ڕاستترە. پەکەکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی سەربازییەوە بە شێوەیێکی بەرچاو خەساری لێکەوتووە. بەڵام وەکوو هێزێک کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگا ماوە و ئەوەش هێزی پێدەبەخشێت. تورکیا دەتوانێت براوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بێت بەڵام لە شەڕی کۆمەڵایەتیدا دووڕاوەیە. پەکەکە پێوەندییێکی بەهێزی لەگەڵ کوردانی تاراوگە لە ئەورووپا هەیە و دزەی کردۆتە نێو ڕێکخراوە کوردییەکانی عێراق و سووریا.

کوردپرێس: ئایا بەو شێوە کە تورکیا ئیدیعا دەکات، پێوەندیی سیستماتیک لە نێوان پەکەکە و گرووپە کوردەکانی سووریا لەوان پەیەدە و یەپەگە هەیە؟

نیکۆلاس هراس: لە نێوان پەکەکە و کوردەکانی سووریا پێوەندی هەیە بەڵام بەو مانایە نییە کە هەموو ڕۆژێک سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیلەوە فەرمانی شەڕ لە سووریا دەربکەن. پرسێکی دیکە ئەوەیە کە نەبوونی پێوەندی لە نێوان سەرکردە گەنجەکانی کوردی گرووپێک وەکوو یەپەگە و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە. بەڵام دەبێت جەخت بکەینەوە کە پچڕانی پێوەندی ڕوو دەدات نە نەبوونی ئیمتیانان بە پێوەندی لەگەڵ پەکەکە.

کوردپرێس: تورکیا لە شەڕەکانی ئەم دوایەدا دژ بە پەکەکە لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کەڵک وەردەگرێت و پەکەکە-ش ڕایگەیاندووە چەکی پێشکەوتووی بەدەستۆیە، ئایا ئەو پرسە گۆڕانکارییێک لە دۆخی دوو لایەندا درووست دەکات؟

نیکۆلاس هراس: دەبێت چاوڕێ بین و ببینین ئەو پرسە دەتوانێت لە پڕۆسەکەدا گۆڕانکاری دروست بکات یا نا.

کوردپرێس: ئەگەری هەیە دووبارە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا ئاگربڕ ڕابگەیێندرێت؟

نیکۆلاس هراس: هەموو شتێک بەسراوە بە ڕای ئەردۆغانەوە. تا ئەو کاتەی ئەردۆغان بزانێت ئاگر بڕ لە باری سیاسییەوە بەکەڵکە، ئاگربڕ ڕاناگەیێنێت. تا ئەو کاتەی ئەردۆغان نەیەوەێت ئاگربڕێک لە ئارادا نییە.

کوردپرێس: ئامانجی ئەردۆغان لە دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا چییە؟ دۆخی کوردەکانی سووریا بەرو کوێ دەچێت؟

نیکۆلاس هراس: تورکیا دەیهەوێت پەکەکە بنکەی بتەوی لە سنوورەکانیدا نەبێت. ئەردۆغان دەڵێت فەرمانی بە ئەرتەش داوە لە هەر شوێنێکی سووریا بنکەی پەکەکە بێت تورکیا داگیری بکات. ئەردۆغان لەو بارەیەوە جیدییە و تا ئەو کاتەی باوڕی ئەردۆغان بەو چەشنە بێت کوردەکانی سووریا ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.

کوردپرێس: پێوەندیی ڕووسیا لەگەڵ کوردانی تورکیا بەگشتی، سووریا و عێراق بەتایبەت چۆن دەبینن؟

نیکۆلاس هراس: ڕووسیا لە تورکیا، و سووریا و عێراق گرنگایەتیی زیاتر بە دەوڵەتە ناوەندییەکان دەدات تا کوردەکان. تا ئەو کاتەی کە کورد خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ نەبێت لە بڕوای ڕووسیا ئەوان هاووڵاتیی پلە دوون. دەبێت ڕووڕاست بین دەوڵەتی ئەمڕیکاش هەمان ڕوانگەی هەیە. کوردەکان دەبێت چاو لە مێژوو بکەن و فێر ببن ئەوەی کە دەیانەوێت لە جیهانی بگرن؛ هیچ کەس داخوازییەکانی ئەوان پێشکەشیان ناکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13798

Your Comment

You are replying to: .
captcha