بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش تێپەڕینی یەک مانگ بەسەر وتەکانی چاوەڕواننەکراوی ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ژمارەیێک لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا جەخت دەکەن لە سەر مانەوەی ئەو هێزانە لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکاندا و دەڵێن ترەمپ لە بڕیاری کشانەوەی خێرای هێزەکان لە سووریا پاشگەز بوەتەوە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند جیمز ماتیس ڕۆژی ڕابردوو لە ئاپۆڕەی هەواڵنێراندا وتوویە هێزەکانی ئەمریکا تا ئەو کاتەی ڕێگاچارەیێکی دیپلۆماتیک بۆ قەیرانی سووریا و ئەفغانستان نەدۆزرێتەوە ئەو دوو وڵاتە چۆڵ ناکەن.
بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی میلیتاری، جیمز ماتیس بە هەواڵنێرانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای وتووە: "دۆناڵد ترەمپ لە بڕیارەکەی خۆی بۆ کشانەوەی خێرای هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا پاشگەز بوەتەوە".
هێزەکانی ئەمریکا کە لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا جێگیرن پشتگیرییان لە هێزە کوردەکان کرد لە شەڕی داعشدا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتەکان باس لە تەڤڵ بوونی 400 سەربازی بەریتانیای و فەرەنسی بە هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا دەکەن.
بەرپرسانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج لە سووریا بە فاکس نیووزیان وتووە هێزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا لە مەنبج و کۆبانی جێگیر بوونە.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment