به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌قید ئه‌فراسیاو كامل وته‌بێژی پۆلیسی که‌رکووک به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند: به‌پێی پلانه‌كه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی که‌رکووک له ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا هاتوچۆ قه‌ده‌غه ده‌كرێت و ڕێگه به هاتوچۆی ماتۆرسیكلیش نادرێت به‌و پێیه‌ی داعش بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی سوودی لێوه‌رده‌گرێت.
عه‌قید ئه‌فراسیاو كامل ده‌شڵێت: "دۆسیه‌ی ئه‌منیی که‌رکووک له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆره‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پۆلیس و ده‌زگا ئهمنییهكانیتر پلانی به‌هێز بۆ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن دانراوه."
ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: "داعش هه‌میشه پلانی نانه‌وه‌ی پشێوی هه‌بوووه و ئێمه پلانی پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پلانه‌كانی داعشمان هه‌یه."
عه‌قید ئه‌فراسیاو كامل سه‌باره‌ت به جموجۆڵی داعش له ده‌وروبه‌ری که‌رکووک ڕایگه‌یاند: "داعش بوونیان له ده‌وروبه‌ری که‌رکووک هه‌یه به‌ڵام نازانین سه‌رچاوه‌ی هێزه‌كه‌یان له كوێوه‌یه و به‌رپرسانی ئه‌منیش پێیانوایه داعش گه‌ر پێی بكرێت له ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا هه‌وڵی نانه‌وه‌ی پشێوی و ڕاگرتنی پرۆسه‌كه ده‌دات."
هه‌روه‌ها به‌پێی وته‌ی مه‌عن سه‌عدی فه‌رمانده‌ی دژه‌تیرۆری عێراق له ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا که‌رکووک بۆ سه‌ر سێ بازنه‌ی ئه‌منی دابه‌ش ده‌كه‌ن؛ بازنه‌ی یه‌كه‌میان پاراستنی سنووره‌كانی ده‌ره‌وه و ڕێگاكانی هاتوچۆكردن ده‌بێت. بازنه‌ی دووهه‌میش بڵاوه‌پێكردنی هێز و پاراستنی ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدانه و بازنه‌ی سێیه‌م پاراستنی ڕێگه‌كانی هاتوچۆیه تا ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment