کوردپرێس: داهاتووی ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کانی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقی و به تایبه‌ت پارێزگای نه‌وتخێزی که‌رکووک که پاش 16ی ئه‌کته‌وبری 2017 هێزی عێراقی گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌که و پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه کشایه‌وه بۆته ته‌وه‌ری میدیاکان و کۆبوونه‌وه سیاسییه‌کان به تایبه‌ت له سێبه‌ری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق.
خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له پارێزگای که‌رکووک که‌شوهه‌وایێکی جیاواز له خولی سێهه‌م تێده‌په‌ڕێنێت. له هه‌ڵبژاردنی خولی سێهه‌مدا هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان و به‌رپرسانی کورد، ئیداره‌ی پارێزگاکه‌یان به‌ده‌سته‌وه بوو و لیستی "برایه‌تی" له فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان پێکهاتبوو و زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئیداریی پارێزگا وه‌کوو باڵاترین مه‌رجه‌عی بڕیاردان به ده‌ست کورده‌وه بوو. پاش ڕیفراندۆمه‌که‌ی 25ی ئه‌یلوول و ڕووداوه‌کانی 16ی ئه‌کته‌وبر دۆخه‌که گۆڕدرا و ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌و پارێزگایه‌دا کۆتایی پێهات. نه‌جمه‌دین که‌ریم پارێزگاری سه‌ر به یه‌کێتی و نزیک له مه‌سعوود بارزانی له که‌رکووک له لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقه‌وه له کار لابرا و ڕاکان جبووری عه‌ره‌ب وه‌کوو سه‌رپه‌ره‌شتیاری پارێزگاکه ده‌ستنیشان کرا. ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به تایبه‌ت 12 ئه‌ندامی فراکسیۆنی پارتی و قایمقامه کورده‌کانی سه‌ر به‌و حیزبه‌ش که‌رکووکیان به‌جێهێشت و تا ئێستاش ئاماده نین بگه‌ڕێنه‌وه پارێزگاکه و ئه‌رکه‌کانیان ڕاپه‌ڕێنن. پارتی دیموکراتی کوردستان که‌رکووک به داگیرکراو ده‌زانێت و دۆخه‌که‌ی به نائاسایی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت بۆیه بایکۆتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی کردوووه له‌و شاره‌دا.
له به‌رانبه‌ردا حیزبه کوردستانییه‌کانی‌تر له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پارێزگایه‌دا به‌شدارییان کردوووه و له‌و نێوانه‌دا یه‌کێتی که پێگه‌یێکی نه‌رێتیی له پارێزگاکه‌دا هه‌یه و خولی پێشوو زیاترین کورسیی که‌رکووکی له په‌رله‌مان هێنا ئیدعاکانی پارتی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و له زۆرینه‌ی بابه‌ته‌کاندا په‌نجه بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاده‌کێشێ و ئه‌و حیزبه به هۆکاری کێشه‌کانی که‌رکووک ناو ده‌بات. کوردپرێس گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود جێگری لقی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له که‌رکووک کردوووه و له‌و دیمانه‌یه‌دا دۆخی که‌رکووک و کێبه‌رکێی هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایه‌دا تاوتوێ کراوه.
ده‌قی دیمانه‌که لێره بخوێنه‌وه:
کوردپرێس: که‌شی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له که‌رکووک تا ئێستا چۆنه؟
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود: تا ئێستا هه‌موو شته‌کان زۆر باشه و هیچ مه‌شاکیلێکی قورس نییه به ئه‌منی و سیاسیشه‌وه. هه‌موو حیزبێک ئیدعای خۆی ده‌کات. تا ئێستا که‌س نه‌یویستوووه کێشه بۆ ئه‌وی‌تر دروست بکات. هێزه ئه‌منییه‌کانی شار یان خود ئه‌وانه‌ی که ئه‌رکی شار به‌ڕێوه ده‌به‌ن هیچ ئیجرائاتێکی ناده‌ستووری و نامه‌عقووڵیان نه‌کردوووه. کوردیش ئێستا له که‌شێکی باشدایه. خه‌ڵک به باشی به‌شداری ده‌کات. پێشبینیش ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر وه‌زعه‌که وا بڕوات جارێکی دیکه ده‌ستی ده‌ره‌کی نایێته ژووره‌وه.
کوردپرێس: بۆ لایه‌نه کوردییه‌کان واتا یه‌کێتی و دیکه‌ی لایه‌نه‌کانیش به لیستی هاوپه‌یمانی و ئیسلامییه‌کانه‌وه که له‌وێ به‌شدارن ئیداره‌ی که‌رکووک یان ئه‌و هێزانه له‌وێ جێگیرن هیچ به‌ربه‌ست یان کێشه‌یێکیان بۆ نه‌ناونه‌ته‌وه؟
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود: تا ئه‌م ساته‌ی ئێمه قسه ده‌که‌ین هه‌موو شتێک ئاسایییه و هیچ کێشه‌یێک نییه.
کوردپرێس: هه‌ندێک لایه‌ن و میدیا باس له دۆخێکی نائاسایی و گوشار له‌سه‌ر لایه‌نی کوردی له که‌رکووک ده‌که‌ن. خۆتان وه‌کوو که‌سێکی به‌شدار له گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن پێتانوایه ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌یه بۆچی ده‌کرێت؟
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود: به بڕوای من دوژمنی ڕاسته‌قینه‌ی که‌رکووک پارتییه. ئێستاش ئه‌و بایکۆته‌ی کادێره‌کانی پارتی کردوویانه پێیان باش نییه به‌ڵام له سه‌رکردایه‌تییه‌وه ئه‌و بڕیاره‌یان به زۆر به سه‌ردا سه‌پاندوون. له هه‌مان کاتدا میدیاکانی پارتیش ئه‌و وه‌زعه دروست ده‌که‌ن ئه‌گینا تا ئه‌م کاته‌ش حاڵی واقیعی که‌رکووک دیاره. هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌شداری پڕۆسه‌که‌ن و که‌س کێشه‌ی نییه و هه‌مووش بانگه‌شه ده‌که‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن.
کوردپرێس: پێشبینیتان بۆ ده‌نگی لایه‌نی کوردی له‌م قۆناغه‌ی هه‌ڵبژاردن چییه له‌به‌ر ڕۆشناییی ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی پاش ڕیفراندۆم و 16ی ئه‌کته‌وبر؟ ئایا کورد له که‌رکووک تا ئێستا باڵاده‌سته به تایبه‌ت یه‌کێتی؟
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود: کورد له که‌رکووک ئیستیحقاقی ئینتیخابی هه‌یه ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ش ده‌نگی نه‌داتێ. نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ش هه‌ریه‌که و ئیستیحقاقی خۆیان هه‌یه. به بڕوای من کورد ئیستیحقاقی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه. زیاتر له نیوه‌ی شاری که‌رکووک کورده. ڕه‌نگه له ئینتیخاباته‌کانی پێشوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه خزمه‌تگوزاریی باشترمان پێشکه‌ش کردبوو و هه‌موو جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات له لای کورد بوو ده‌نگی کورد تۆزێک داکشابێت به‌ڵام به ڕای من کورد ئیستیحقاقی ئینتیخابی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
کوردپرێس: له‌م ماوه‌یه‌دا باس له ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و کۆمه‌ڵێک گفتوگۆ له‌و باره‌یه‌وه کرا. ئایا ئێوه وه‌کوو لایه‌نێکی سیاسی ئاگاداری شتێکی وا هه‌ن؟
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود: لایه‌نی کورد خۆی له‌و باره‌یه‌وه ناکۆکه. له هه‌مان کاتدا پێم وانییه ئێستا به‌غدا سیاسه‌تی ئه‌وه بێت که پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه که‌رکووک چوونکه ئه‌وان هه‌موویان کار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن که چۆن لیسته‌که‌ی خۆیان براوه بێت بۆیه ئه‌م بڕیاره زه‌حمه‌ته له ئێستادا جێبه‌جێ بکرێت.
کوردپرێس: باس له نێوبژیڤانیی به‌ریتانیا و ئه‌مریکا کراوه له گفتوگۆکاندا. ئایا شتی وا هه‌یه؟
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود: به ته‌ئکید. ئه‌وان له ناوچه‌که‌دان و پشتیوانیی پێشمه‌رگه و ئارامیی ناوچه‌که‌ش ده‌که‌ن به‌ڵام کورد له مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆم ئه‌وه‌نده لاساریی کرد و قسه‌ی دۆسته‌کانی خۆی به هه‌ند وه‌رنه‌گرت بۆیه قسه کردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته وردکردنه‌وه‌ی زۆرتری ده‌وێت.
کوردپرێس: بڕیار بوو که‌سێک له لایه‌نی یه‌کێتییه‌وه دیسان ئیداره‌ی پارێزگای که‌رکووک بگرێته‌وه ده‌ست بۆچی تا ئێستا ئه‌وه نه‌کراوه؟
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود: له 2005وه مه‌سه‌له‌ی پارێزگاری که‌رکووک به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه بۆیه که‌رکووک له ژێر قه‌راری بریمه‌ردایه و ده‌بێت له ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکه‌وه پارێزگار هه‌ڵبژێردرێت. به‌و مه‌به‌سته‌ش 12 ئه‌ندامی مه‌جلیس له لای پارتییه و پارتیش به ئه‌نقه‌ست ناهێڵێت بگه‌ڕێنه‌وه و ده‌نگ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ک پارێزگارێکی کورد هه‌ڵبژێردرێت چوونکه ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن کورد له که‌رکووک بشکێنن. ته‌نانه‌ت قایمقامه‌که‌یان دێته‌وه لێره مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت و ده‌ڕوات و ئاماده نییه ده‌وام بکات. ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نیش که له لای پارتین 12 که‌سن دێن و لێره مووچه‌کانیان وه‌رده‌گرن و ئاماده نیین بێن دابنیشن بۆ ئه‌وه‌ی کوردێک بکرێته پارێزگار.
کوردپرێس: بۆچی پارتی له که‌رکووک ئه‌و سیاسه‌ته‌ی گرتۆته‌به‌ر؟
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود: پارتی که‌رکووک به مه‌یدانی خۆی نازانێت و خۆی زۆر لاواز ده‌بینێت. به هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی خۆی و ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی هه‌رێم زه‌ختی له‌سه‌ر یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و خه‌ڵکی که‌رکووک دروست کردوووه. به قه‌د به‌ره‌ی تورکمانی ده‌نگیان هێناوه بۆیه پارتی له هه‌موو شێوه‌یێک دژی که‌رکووکه و نایهه‌وێت که‌رکووک بێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌م قسه ئه‌وه‌یه دوو جار له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکه‌وه نامه‌ی ڕه‌سمی ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان و حکوومه‌تی کوردستان کرا بۆ ئه‌وه‌ی که‌رکووک بخرێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان به‌ڵام ئه‌وان ڕازی نه‌بوون.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment