ئەگەری کەم کردنی دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەم خولەی پەرلەماندا یاسای تایبەت بە سندووقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتیەکان کاری پێدەکرێت، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە ئاشکرا دەکات کاندیدی سندووقەکەش لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت، ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت: "بە جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە دەسەڵاتەکانی ئاشتی ھەورامی لە بواری نەوت و داھاتدا کەم دەکرێتەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلار لەتیف ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "یاسای سندووقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتیەکان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە و دانانی ئەندامانی سندووقەکەش بەسەر سەرجەم لایەنە سیاسیەکاندا دابەش دەکرێت".

ناوبراو ڕونیشی کردەوە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران ناوی کاندیدەکان بۆ سندووقەکە ڕەوانەی پەرلەمان بکات و متمانەیان لە پەرلەمانەوە پێبدرێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران ئەو بابەتەی یەکلا نەکردۆتەوە.

تەلار لەتیف وتیشی: "بە دڵنیاییەوە لەم خولەی پەرلەماندا ئەو بابەتە یەکلا دەکرێتەوە و یاساکە دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد بە جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە دەسەڵاتەکانی ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان کەم دەکرێتەوە و وادەکات تەنھا کەسێک داھاتی نەوت و بڕی نەوتی ھەناردەکراو بزانێت و سەرپەرشتی ئەو دۆسێیە بکات.

ناوبراو جەختیشی کردەوە لەلایەن ئەندامانی ئەو سندووقەوە سەرپەرشتیی نەوت و داھاتەکان دەکرێت، لەم ماوەیەی تەمەنی پەرلەماندا ئەو بابەتە یەکلا دەکرێتەوە".

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13411

Your Comment

You are replying to: .
captcha