کوردپرێس، ئەم وتارە تەرکیز دەکاتە سەر کاریگەرییە نێونەتەوەییەکانی ڕیفراندۆمی 25ی سێپتێمبێری هەرێمی کوردستان بە تایبەت پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا پاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم. دەتوانین بڵێین کاردانەوەی ئەمریکا لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان پیشاندەری قەیرانی هەرێمی کوردستان لە عێراقە و بە سێ هۆکارەوە ئەو قەیرانە تازە نییە.
یەکەم: ئەوەی کە سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا کە تووشی ژمارەیێک دژایەتی بووەوە و تەنها کەڵکی لە هەندێک پشتگیریی ناخۆیی وەردەگرت ، لە بنەڕەتدا جێبەجێ کردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە عێراق ئاڵۆزتر کردووە.
دووهەم: ئەو پرسە بەبۆنەی پڕۆسەی ئاسایی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە برۆکراسیی کۆنگرە، وەزارەتی دەرەوە یا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایە کە هەڵویستی جیاوازیان لەبارەی یەک پرسەوە هەیە، خراپتر بووە. ئەم پرسە لە بارەی پرسە کوردییەکانیشەوە دەبینرێت. بەو هۆکارەوە ڕیفراندۆم زۆرتر لەسەر پێوەندییە ستراتێژیکەکانی نێوان کوردەکان و ئەمریکا کاریگەریی نەبووە بەڵکوو کاریگەری زیاتری لەسەر کۆمەڵگای کوردی و سیستەمی سیاسیی کوردی بووە.
سێهەم: ئەمریکا نیگەرانی ئەگەری دروست بوونی ناسەقامگیری لە عێراق بوو بەپێی ئەو بنەمایە کە خۆی تاشیویە لە ژێر ناوی «هاوسەنگیی هێز»، کە ئەمریکا ئەمڕۆ ئەو بنەمایە زاڵ دەکات و ئەو بنەمایە هەر ئەوەیە کە کالین پاول وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵەکانی 1991 و 2003 ڕایگەیاند. کە بەپێی ئەو بنەمایە «ئەمریکا لایەنگری پاراستنی سەروەریی خاکی عێراقە کە لە نێویدا کورد و سوننە و شیعە بتوانن ڕێگایێک بۆ پێکەوە ژیان بدۆزنەوە». بەم هۆکارەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەیەکانی 1980، سەرەڕای دژایەتیی ئەمریکا لەگەڵ هەوڵی سەربازیی عێراق دژی خەڵکی سڤیل و ڕووخاندنی سەدان گوندی هەرێمی کوردستان، هەرگیز پشتگیری لە 60 ساڵ شۆڕشی کوردی نەکردووە و تەنانەت خۆیشی لێ دوور گرتووە.
پاشهاتەکانی ڕیفراندۆم گۆڕانکاریی جیدی لە پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کوردەکانی عێراقدا دروست نەکرد. دەتوانین بڵێن پاشهاتەکانی ڕیفراندۆم وەستانێکی لەو پێوەندییەدا دروست کرد چوونکە هەرێمی کوردستان لە سەر سیاسەتێک مکووڕ بوو کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوو.
برت مەکگورک نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ئیئتیلافی دژە داعش لە 13ی جووڵای 2017بەدواوە ڕایگەیاند «ئێستا کاتێکی گونجاو بۆ بەڕێوە بردنی ڕیفراندۆم نییە». بەو حاڵەشەوە ئەو وەستانە کورتە کاریگەریی لە سەر پێوەندییە ستراتێژیکەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان نەبوو. بنەما سەرەکییەکانی ئەو پێوەندییە جودا لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ژیئۆپۆلۆتیکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، بەرگری و ئەمنییەتییە و ڕۆڵێکە کە کوردەکان دەتوانن لەو نێوانەدا بۆ ئەمریکای بگێڕن. بەگوێرەی وتەکانی جەنراڵ نجات عەلی ساڵح (لە لێدوانێکیدا کە لەگەڵ لێکۆڵەرێک لە هەولێر لە 3ی دیسمبێری 2017دا ئەنجامی دا)، بەرنامەی مەشق و ڕاهێنان لە لایەن هێزەکانی ئیئتیلافەوە بە هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دووبارەی دەستی پێکردووە. بەپێی وتەکانی کەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە، بەپێی ڕێککەوتننامەیێک کە لە 12ی جووڵای 2012 نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژۆ کراوە دروست کردنی ئەرتەشی کوردی لە لایەن کۆمیتەی هاوبەشی هێزەکانی بەریتانیا، ئەمریکا و ئاڵمانیاوە جێبەجێ دەکرێت. یەکگرتوو کردنی هێزە کوردییەکان لە ژێر چاودێڕیی ناتۆ و بە تەرخان کردنی 365 ملیۆن دۆلار لە لایەن کۆنگرەی ئەمریکاوە لە پڕۆژە یاسای بەرگریی 2018ی ئەمریکا و هەروەها دامەزراندنی 5 بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کە بریتین لە بنکەیێک لە ئەترووش، دوو بنکە لە حەریر و دوو بنکەی گەورە لە هەولێر و دهۆک پیشاندەری ئەو هەڵویستەی ئەمریکایە. وێژمانی ئەمریکا بۆ پشتگیری کردنی لە هەرێمی کوردستان و گرنگایەتیی تۆکمە کردنی پێوەندیی بازرگانی و ئابووری بە ئاوڕدانەوە لە وتەکانی کن گراس کونسۆڵی ئەمریکا لە هەولێر ئێستاش هەر بەهێزە. ناوبراو دەڵێت: «بە تەنها هێشتنی کوردەکان یا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا نییە».
با ئاوڕدانەوە لە دۆخی هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەیێکی سەربەخۆی ناڕەسمی، تۆکمە کردنی پێوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان لە 2ی جوونی 2017 و کاردانەوەی ڕووسیا بە ڕیفراندۆمەکەی هەرێم سەرسوڕهێنەرە. پێچەوانەی پێوەندییە چەند لایەنەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ڕووسیا ژمارەیێک قازانجی ئابووریی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە مۆسکۆ بە شێوازێکی ڕوون بەرگریی لێدەکات. سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە ڕووسیا پێش لە بەڕێوە بردنی ڕیفراندۆم لە لایەن سرگەی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیاوە پشتگیریی سیاسیی خۆی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاگەیاند.
بێ گۆمان ئەو هەڵویستەی ڕووسیا لەچاو هەڵویستەکەی ئەمریکا پیشاندەری پشتگیریی زیاتری ڕووسیایە لە کوردەکان. بەو حاڵەوە پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، مۆسکو بەڵێنی خۆی بۆ پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. پاش ڕێککەوتنی کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەلیکساندر نوواک وەزیری وزەی ڕووسیا تەکیدی کردەوە «هیچ لەمپەڕێک لەسەر ڕێگای گەشەی پێوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان نییە. ئێمە جێبەجێی دەکەین». مۆسکۆ تا ئەو ئاستەی بەڵێنەکانی خۆی بە هەوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند کە وتی «ئێمە هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بۆ دەریای ڕەش دەدەمەزرێنین».
ئەو هەڵویستە بە توندی دژی هەڵویستەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکایە پاش ڕووداوەکانی 16ی ئاکتەوبر لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندایە کە ترامپ وتبووی: «ئێمە لایەنگری لە هیچ لایەنێکیان ناکەین». هعڵویستی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ پەسەندکراوی 234ی کونگرەی ئەمریکادا یەک ناگرنەوە کە بەپێی ئەو پەسەندکراوە، خەڵکی هەرێم کوردستانی عێراق مافی چارەی خۆنووسی-یان وەکوو وڵاتێکی دارای حاکمیەت هەیە.
کەواتە، هەرێم کوردستان پاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم، لە ڕێگای هاوکاری کردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و گەڕانەوە بۆ پڕۆسەی هاوبەش لەگەڵ عێراق پێوەندییە سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ ڕوسیا پاراست و لە ڕێگای هەوڵی هاوبەشی زیاترەوە لەگەڵ ئەمریکا هەنگاوی بۆ توانا کردنی بەشی ئەمنییەتی ، هاوپەیمانیی ستراتێژیکی خۆی لەگەڵ ئەمریکا پاراست. بەگشتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئاستی دیپلۆماتیکدا ئێستا هەم لەگەڵ ئەمریکا و هەم لەگەڵ ڕووسیا تەعامولی هەیە بەڵام بەو بۆنەوە کە ئەمریکا یاریکەری سەرەکی لە عێراقە ئەو تەعامولە لەگەڵ ئەمریکا زیاترە.
سەرەڕای ئەو تەنگەژەیە پاش بەڕێوە برنی ڕیفراندۆم دروست بووە، هەولێر بە باشی هاوسەنگی دروست کردووە لە پێوەندییەکانی خۆیدا لەگەڵ ئەو دوو زلهێزە ڕیکابەرە. بەم حاڵەشەوە دەبێت لە داهاتوودا ببینین ئەو دوو زلهێزە چ ڕۆڵێک بۆ ئاسانکاری لە سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان دەگێڕن.
سەرچاوە: قوتابخانەی ئابووری لەندن
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment