بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندەكە ئەمڕۆ دوو شەممە 20ی خاکەلێوە بە سەرۆكایەتیی پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە لەگەڵ شاندەكەی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی مەلا بەختیار ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە كۆ بوونەوە دوای كۆبوونەوەكە هەردوولا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان لە كۆنگرەیێكی رۆژنامەوانی خستە ڕوو.
لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، مەلا بەختیار لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە وتی: باسی دۆخی سیاسی و ئەمنی كوردستانی تورکیا و هەرێمی كوردستان و تەنانەت کوردستانی سووریاش كراوە.
مەلا بەختیار وتیشی: هەردوولایان هاوڕابوون، كە دەبێت لەسەر پرسە سیاسییەكانی ناوچەكە كورد هاوڕابێت، چوونكە كاریگەریی لەسەر چارەنووسی هەموو لایێک هەیە و دەبێت لە پێناویدا یەكگرتوو بن.
شاندەكەی هەدەپە دوو رۆژە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان رۆژی رابردوو لە شاری هەولێر لەگەڵ چەند حیزبێكی سیاسی كۆ بوونەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆش لەگەڵ چەند حیزبێكی تر لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە بكەن.
هاوكات پەروین بوڵدان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لەوە كرد، كە كۆبوونەوەكەیان بۆ ئەوە بووە یەک دەنگی لە ناو كورد دروست بكەن، جەختیشی كردەوە لەو پێناوەدا كۆبوونەوەكان بەردەوامی هەبێت.
پەروین بوڵدان وتیشی: هێرش و داگیركاری بۆ هەر ناوچەیێكی كوردی بكرێت، ئەوان نیگەران دەبن و ئەو پارتە بۆ بەرگریی لە دەسکەوتی کوردەکان گفتوگۆ کردن لەگەڵ یەکێتی و دیکەی پارتە کوردییەکان ناوەستێنێت.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment