به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌دنان سه‌ید به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی شه‌شی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان له که‌رکووک به باسنیووزی ڕاگه‌یاند: "ھه‌رچه‌نده بانگه‌شه‌ی ھه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ پێکھاته‌کانی دیکه‌ی شاری که‌رکووکدا گه‌رم و گوڕی زۆری پێوه دیاره به‌ڵام پارت و لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان له شاری که‌رکوک ڕێککه‌وتوون که به شێوه‌یێکی ئاشتییانه بانگه‌شه‌ی ھه‌ڵبژاردن بکه‌ن به‌ڵام من پێم وایه گرژی و ئاڵۆزی ڕوو ده‌دات و گرژییه‌کان ناگاته ئه‌وه‌ی که ئێمه چاوه‌ڕێی شتی خراپ بکه‌ین."
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی شه‌شی یه‌کگرتوو ئه‌وه‌شی خسته ڕوو که تا ئێستا نازانن ئاخۆ سوپای عێراق یان حه‌شدی شه‌عبی ڕێگری له بانگه‌شه‌ی ھه‌ڵبژاردنی پێکھاته کوردییه‌کان ده‌کات یان به پێچه‌وانه‌وه چوونکه ئه‌و ھێزانه‌ی ئێستا ھاتوونه‌ته ناو شاری که‌رکووکه‌وه ھه‌مووی سه‌ر به شیعه و سوننه‌یه و ئه‌و پێکھاتانه‌ش حزبی خۆیان ھه‌یه بۆیه پێده‌چێت له کاتی بانگه‌شه‌ی ھه‌ڵبژاردندا ئه‌وانیش ڕێککه‌وتنێکیان ھه‌بێت چوونکه ئه‌گه‌ر ڕێککه‌وتنێکی له‌و شێوه نه‌که‌ن گرژی و ئاڵۆزی ڕوو ده‌دات.
ناوبراو ئه‌وه‌شی ڕوون کرده‌وه: "سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی ناتوانن ڕێگری له ئێمه بکه‌ن ئه‌گه‌ر ڕێگریش بکه‌ن ئێمه له کاری خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین ھه‌رچه‌نده وا بڕیاره ھه‌فته‌ی داھاتوو ئێمه ھێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به ڕێککه‌وتنی حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان و ئه‌مریکا بگه‌ڕێته‌وه بۆ شاری که‌رکووک، ئه‌وکاته ھه‌موو حزب و پێکھاته جیاوازه‌کان بانگه‌شه بۆ خۆیان ده‌که‌ن و بێگومان گه‌ڕانه‌وه‌ی ھێزی پێشمه‌رگه چانسێکی باشه بۆ ھاووڵاتییانی شاری که‌رکووک."
به‌رپرسه‌که‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی گوتیشی: "به‌داخه‌وه به‌ھۆی ڕووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه پێگه‌ی کورد له ڕووی لاوازییه‌وه ده‌وری خۆی ده‌بێت چوونکه خه‌ڵکی شاری که‌رکووک به‌ھۆی ڕووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه زوویر بوون به‌ڵام پێویسته ھه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین که میلله‌ته‌که‌مان ئاشت بکه‌ینه‌وه و ھه‌ڵه‌کانی ڕابردوو دووباره نه‌که‌ینه‌وه."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment